سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی سووریا: رۆژی یەکشەممە دادگاییکردنی بەرپرسە باڵاکانی سەردەمی ئەسەد دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی سووریا دەست بە دادگاییکردنی چەند کەسایەتییەکی دیاری سەردەمی دەسەڵاتی پێشوو دەکەن دوای ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا دەستگیرکران؛ دادگاییکردنەکەش بە عاتف نەجیب، بەرپرسی ئەمنیی پێشوو دەست پێدەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوتووە: "رۆژی یەکشەممە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی پێشووی سووریا دەستپێدەکات"، کە تێیدا "یەکەم دانیشتن بۆ دادگاییکردنی عاتف نەجیب" بەڕێوەدەچێت، کە لە کانوونی دووەمی 2025 دەستگیرکراوە.
نەجیب خزمێکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلادراو و هەڵاتووی سووریایە. پێشتر سەرۆکی لقی ئاسایشی سیاسی بووە لە پارێزگای دەرعا لە باشووری سووریا، کە ساڵی 2011 لەوێ خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان سەریان هەڵدا. ئەو بە بەرپرسی سەرەکیی سەرکوتکردن و هەڵمەتی بەرفراوانی رەشبگیری و رەشەکوژی لەو پارێزگایە دادەنرێت.
سەرچاوەکە روونیکردەوە کە دوای دادگاییکردنی نەجیب، "دادگاییکردنی وەسیم ئەسەد دەست پێدەکات"، کە ئەویش یەکێکی دیکەیە لە خزمەکانی سەرۆکی پێشوو. دوای ئەوانیش، ئەو فڕۆکەوانانەی لە کاتی جەنگدا بەشدارییان لە بۆردوومانکردنی شار و شارۆچکەکانی سووریادا کردووە، دادگایی دەکرێن. ئەمە جگە لە دادگاییکردنی ئەمجەد یوسف کە رۆژی هەینی دەستگیرکرا؛ ئەمجەد تۆمەتباری سەرەکییە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەک لە گەڕەکی تەزامون لە دیمەشق لە ساڵی 2013 کە تێیدا دەیان کەس کوژران.
ئیدارەی نوێی سووریا، کە لە کانوونی یەکەمی 2024 گەیشتە دەسەڵات، ناوبەناو دەستگیرکردنی بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی سەردەمی دەسەڵاتی پێشوو رادەگەیێنێت، کە لە تاوان و پێشێلکاریی گەورە دژی خەڵکی سووریا تێوەگلاون.
چارەنووسی دەیان هەزار کەسی بێسەروشوێن و دەستگیرکراو لە سووریا، لەگەڵ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە پێدەچێت دەسەڵاتی پێشوو ئەو کەسانەی تێدا ناشتبێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، یەکێکە لە دیارترین رووەکانی تراژیدیای سووریا، ئەوەش دوای جەنگێک کە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی لێکەوتەوە.
لە کاتی هەڵاتنیدا بۆ مۆسکۆ لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەسەد تەنیا چەند کەسێکی کەم لە نزیکەکانی لەگەڵ خۆی بردن، لە کاتێکدا یاریدەدەر و ئەفسەرە باڵاکانی جێهێشت کە ژمارەیەکیان پەنایان بردە بەر وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی دیکەش پەنایان بردە بەر شارۆچکە و گوندەکانی خۆیان، وەک ئەوەی هەندێکیان باسیان کردووە.
رۆژی هەینی، مەزهەر وەیس، وەزیری دادی سووریا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، دادگای تاوانەکان لە دیمەشق "خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەو ساتەی کە قوربانییان زۆر چاوەڕێیان دەکرد: دەستپێکردنی دادگاییکردنی ئاشکرا... بۆ پیاوانی رژێمی لەنێوچوو و تاوانبارەکانی، لە چوارچێوەی رێڕەوی دادپەروەریی راگوزەردا."
چالاکڤانان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر گرنگیی بەدیهێنانی دادپەروەریی راگوزەر لە سووریا دەکەنەوە دوای ساڵە درێژەکانی جەنگ.
خۆپێشاندانەکانی دژی ئەسەد لە 15ی ئاداری 2011 لە دەرعای باشووری سووریا سەریانهەڵدا، ئەمەش دوای ئەوەی چەند منداڵێک دەستگیرکران کە درووشمیان دژی سەرۆکی ئەو کاتەی سووریا لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان نووسیبوو، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دران.
دوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان، عاتف نەجیب کە بە بەرپرسی سەرکوتکردنەکانی دەرعا دادەنرا، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
لە نیسانی 2011، ئەمریکا بە تۆمەتی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" ناوی نەجیبی خستە لیستی سزاکانەوە.
هەروەها وەسیم ئەسەد، ئامۆزای سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا لە حوزەیرانی 2025 دەستگیرکرا، کە یەکێکە لە دیارترین تۆمەتباران بە تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا.
ساڵی 2023 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ئەو کەسەدا سەپاند و رایگەیاند، سەرکردایەتیی یەکەیەکی نیمچەسەربازیی کردووە و "کەسایەتییەکی سەرەکیی" نێو تۆڕێکی هەرێمی بووە بۆ بەقاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی پێشوو.