تۆم باراک: بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس لەسەر 'هێورکردنەوەی دۆخەکە' رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، بەرپرسانی دیمەشق و ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لە فەرەنسا رێککەوتوون دۆخەکە هێوربکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە گرژییەکانی پارێزگەی سوەیدای سووریا لە نێوان دروزەکان و هۆزە دەشتەکییە سونییەکان بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس و ئیسرائیل هێرشی کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی سووریا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە دیمەشق.
باراک درەنگانی شەوی پێنجشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، "ئەم ئێوارەیە لەگەڵ سووریاییەکان و ئیسرائیلییەکان لە پاریس کۆبوومەوە. ئامانجمان گفتوگۆ و هێورکردنەوەی دۆخەکە بوو و ئەو ئامانجەمان بە دیاریکراوی بەدەستهێنا. هەموو لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامیدان بەم هەوڵانە دووپات کردەوە."
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی باڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، کە رۆژی پێنجشەممە، شەیبانی لەگەڵ وەزیرێکی ئیسرائیل لە پاریس کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گرژییەکانی ئەم دواییەی پارێزگەی سوەیدا تاوتوێ بکەن.
ئەو گفوگۆیە کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا کرا، بووە یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی ئیسرائیل و حکومەتی نوێی سووریا.
ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی 1948ـەوە لە جەنگدان و ئیسرائیل لە ساڵی 1967ـەوە بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا داگیرکردووە.
بڕیار بوو لە لایەنی سووری، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و لە لایەنی ئیسرائیلی رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجیی "بابەتی باشووری سووریا" تاوتوێ بکەن.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسیی فەرەنسا کە رۆژی پێنجشەممە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، ئەمڕۆ هەینی، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن.
سەرچاوەکە لە پاریسەوە بە رووداوی راگەیاند، "تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەمڕۆ و سبەی لە پاریسە. سبەی وەزیر[ی دەرەوە ژان نۆوێل بارۆ] لەگەڵ ئەو و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ بکەن."