ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی لە سووریا کردە ئامانج؛ 11 سەرباز کوژران و 10ی دیکە برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاراستەکردنی دوو مووشەک بۆ بەرزاییەکانی جۆلان، سوپای ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی سوپای سووریای کردە ئامانج و بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریاش، 11 سەربازی سوپای وڵاتەکەی کوژراون و 10ی دیکەش برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە، 25-10-2023، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەی چەند پێگەیەکی سەربازیی سووریای کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ چەند مووشەکێک کە لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کران.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، "فڕۆکە جەنگییەکان، لە کاردانەوەی ئەو مووشەکانەی دوێنێ (سێشەممە) بەرەو ئیسرائیل تەقێندران، چەند پێگەیەکی سەربازی و سەکۆی هاوێشتنی هاوەنیان سەر بە سوپای سوریا کردە ئامانج."
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، "نزیکەی کاژێر 1:45 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیلی دووژمن هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا و ژمارەیەک خاڵی سەربازیی ئێمەی لە دەوروبەری دەرعا کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 11 سەربازی سووری شەهید بوون و 10ی دیکە برینداربوون، جگە لە هەندێک زیانی مادی".
رۆژی سێشەممە لە بەرزاییەکانی جۆلان زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و دوو مووشەک ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە کران.
ترسی فراوانبوونی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل لە ئارادایە.
سێ رۆژ لەمەوبەر ئیسرائیل هێرشێکی دیکەی لە سووریا ئەنجامدا کە دوو فڕۆکەخانەی لەکارخست. لەو بارەوە رۆژی 22-10-2023 ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیمان، ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 05:00ـی بەیانی، سوپای ئیسرائیلی دووژمن، لە دەریای نێوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقیە و لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب کرد."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، هەروەها زیانی مادی بە رێڕەوی فڕینی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوت و وایکرد لەکاربکەون.
رۆژی 12-10-2023ش هەردوو فڕۆکەخانەکە بۆردوومانکران. لە 14ـی ئۆکتۆبەریش فڕۆکەخانەی حەلەب کرایە ئامانج. لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011 ئیسرائیل هێرشی ناوبەناوی بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانانە ئەنجامداوە و دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە رێگە نەدات چەک و تەقەمەنی بگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان.