بەهۆی بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لە ئیدلب 10 ئەندامی خانەوادەیەک دەکوژرێن
رووداو - هەولێر
لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای سووریا بۆسەر یەکێک لەو قوتابخانانەی کە ئاوارەکانی پارێزگای ئیدلب تێیدا نیشتەجێبوون، 10 کەس لە یەک خانەوادە گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
ئەندامانی ئەو خانەوادەیە لەترسی بۆردوومانەکان روویان لە قوتابخانەکە کردبوو، ئاوارەیەک دەڵێت "فڕۆکەکان بەسەر ناوچەکەدا دەخوولانەوە، دواتر بینیمان مووشەکێک بە ئاراستەی ئێمە هاوێژرایە خوارەوە. مووشەکەکە بەسەر خانەوادەیەکی 10 کەسی کەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا".
قوتابخانەکە کەوتووەتە گوندی جۆباس، پێشتر پەناگەیەکی ئارام بووە، بەڵام چیدیکە ئارام نەماوە. هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە کە چەند ئاوارەیەکی نوێ ویستوویانە روو لە قوتابخانەکە بکەن؛ هەندێک لە ئاوارەکان دەڵێن، هێرشەکە لەلایەن فڕۆکە رووسەکان ئەنجامدراوە.
ئاوارەیەک بەناوی حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، دوو ساڵ دەبێت ئاوارەی جۆباس بوون و دەڵێت "خەریکە لە جۆباسەوە ئاوارە دەبینەوە و دەچینە سارمدا و لەوێشەوە بۆ چوارڕیانی باب ئەلهەوا. ئێمە خەریکبووین شتەکانمان دادەگرت کاتێک فڕۆکە رووسەکان ئێمەیان کردە ئامانج".
کردنەئامانجی ئەم قوتابخانەیە لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی ئەمساڵەوە سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا بۆردوومانەکانی بۆسەر پارێزگای ئیدلب دەستپێکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 گوندی کۆنترۆڵکردووەتەوە و لە پێشڕەوییەکانیشی بەردەوامە.