دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب گەمارۆدراون و کارەبایان لەسەر بڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاڵۆزیی لە هەردوو گەڕەکە کوردنیشینەکەی حەلەب بەردەوامە و ئەمڕۆ درۆنێک لە ناوچەکە کەوتە خوارەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە لە سنوورەکە دەڵێت، "گەڕەکەکان گەمارۆ دراون و تاوەکو ئەمڕۆ کارەبا نییە".
محەممەد ئەمین عەلیکۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند نزیک کاژێر 04:00ـی بەیانی ئەمڕۆ درۆنێکی حکومەتی سووریا لە گەڕەکی شێخ مەقسوود خۆی تەقییەوە و کەوتە خوارەوە، کە درۆنی کەشف بوو".
بە گوتەی عەلیکۆ، 7 دەروازە لەو گەڕەکانە هەن بۆ هاتن و چوون، هێزەکانی حکومەتی سووریا دوو دەروازەیان بە تەواوی داخستوون لە پێنج دەروازەکەی دیکەشەوە رێگە نادەن کەس بێتە ژوورەوە، تەنیا رێگەی دەرچوون دەدەن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە لەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب گوتی: "رێگە نادرێ سووتەمەنی و زۆر پێویستی دیکە بگەیێندرێتە ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود". بە گوێرەی زانیارییەکان تەنیا رێگە بە خۆراک و دەرمان دەدرێت ببرێتە ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەبەوە.
دووشەممە 22ـی ئەم مانگە، شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو، دوای نزیکەی پێنج کاژێر پێکدادان و گیانلەدەستدانی ئافرەتێک و برینداربوونی 19 سڤیل، شەڕەکە راگیرا.
ئەو بەرپرسەی پەیوەندییەکانی مەسەدە لە حەلەب دەڵێت: "ئێستا لە رووی شەڕەوە دۆخەکە ئارامە، بەڵام گەمارۆ بەردەوامە".
محەممەد ئەمین عەلیکۆ گوتی: "لە رۆژی هێرشەکەوە کارەبای شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بڕاوە و تاوەکو ئەمڕۆ نەهاتووەتەوە، هێڵی ئینتەرنێت هەیە، بەڵام ئەویش بە تەواوی ئاسایی نەبووەتەوە".
ئەو دوو گەڕە کوردنشینەی حەلەب، لە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوە دەبرێن. هێزەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.