خوشکەزایەکی حافز ئەسەد لە کۆبوونەوەی وەزارەتێکی سووریا بەشداری دەکات و وەزارەتەکە دەڵێت، "نیگەرانین"

 
رووداو دیجیتاڵ

دیمە ئاسف شەوکەت، خوشکەزای حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووتری سووریا، لە کۆبوونەوەی یەکێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی ئێستای سووریا دەردەکەوێت. ئەو وەزارەتە "نیگەرانە" لەو هەڵایەی بەهۆیەوە دروستبووە و جەخت دەکاتەوە، دژی بوونی ئەو کەسە و هەر کەسێکی دیکەیە کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی پێشووی ئەو وڵاتەوە هەبێت، کە لە ئاییندەدا بچنە ناو ئەو وەزارەتەوە.
 
ئەو کچە کە هاوکات پورزاى بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایە، رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی سووریا دەرکەوتووە، کە وەکو بەڕێوەبەر لە رێکخراوی جیهانیی خۆراکى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات.
 
ئەو وەزارەتە یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026 لە روونکردنەوەیەکدا بانگەشەی ئەوە دەکات، هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ ئەو کەسە نەکردووە و لێکۆڵینەوە لە شێوازی نوێنەرایەتیکردنی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەسەڵاتی ئەو وەزارەتەدا نییە.
 
دیمە کچی ئاسف شەوکەتە، کە دوایین پۆستی باوکى بریتی بوو لە جێگری وەزیری بەرگریی سووریا، بەر لەوەی لە ساڵی 2012 لە تەقینەوەیەکدا بکوژرێت.
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی سووریا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەو هەڵایەی بەهۆی ئەو پرسەوە لە رای گشتیدا دروستبووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، بوونی ئەو کەسە یان هەر کەسێکی دیکە لە ئاییندەدا، کە پەیوەندیی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا هەبێت، لەناو وەزارەتەکەیدا رەتدەکاتەوە بە هەر ناو و نیشانێک بێت.
 
ئەو وەزارەتەی حکومەتی سووریا رایگەیاندووە، پەیڕەوی رێکارێکی نوێ دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێشوەخت هۆشداریی فەرمی دەنێرێ لە بارەی ئەوەی کە پێشوازی لە هیچ کەسێک ناکات لەسەر دەسەڵاتی پێشووی سووریا هەژمار بکرێت.