شەڕ دەستیپێکردەوە، سوپا بە هاوکاری عەرەبە گوندنیشنەکانی حەسەکە هێرش دەکاتە سەر هەسەدە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی باشووری شارۆچکەی چل ئاغا لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا دەستیپێکردووەتەوە. هەسەدە دەڵێت، لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە خۆیان وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەکردنیان داوەتەوە و هێرشێکیان بۆ سەر گوندی سەفا تێکشکاندووە.
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو لە نزیک گوندی چل ئاغا رایگەیاند، شەڕ و بۆردوومان لە ناوچەکە بەردەوامە و هێزەکانی سووریای دیموکرات هێرشێکیان بۆ سەر گوندی سەفا لە باشووری چل ئاغا تێکشکاندووە کە لەلایەن چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریاوە کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشێک لە پیاوانی عەرەبی گوندەکانی ناوچەکە، ژن و منداڵەکانیان رەوانەی دەرەوەی گوندەکان کردووە و خۆیان ماونەتەوە بۆ ئەوەی هاوکاریی سوپای سووریا بکەن لە کۆنترۆڵکردنی گوندەکاندا، بەڵام هەسەدە بەرگرییەکی تووند دەکات و هەوڵدەدات رێگری لە کەوتنی ئەو گوندانە بکات.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانمان بەرپەرچی هێرشێکیان داوەتەوە کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە کراوەتە سەر گوندی سەفا. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی هەڵکشانی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دیمەشق دێت سەرەڕای بوونی ئاگربەست".
بەهۆی تووندی شەڕەکەوە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و بەشێکیشیان بریندار بوون. ژنێک کە لە گوندی باقلەوە هەڵاتووە بە رووداوی گوت: "هێرش کرا، نەمانزانی کێ هێرشی کرد، ئێمە هەموومان هەڵاتین".
هاوکات ژنێکی دیکەی ئاوارە باسی لە دۆخی گوندی سەفا کرد و گوتی: "رەوشی گوندەکەمان لە سەفا زۆر خراپە، لە نیوەڕۆوە هێرش دەستیپێکردووە و سێ بۆ چوار کەس بریندار بوون. ئێمە لە سەفاوە بەرەو باقلە و لەوێشەوە بەرەو چل ئاغا دێین. گەنجەکانمان لەوێ ماونەتەوە، تەنیا ژن و منداڵەکان هەڵاتوون".
نێردراوی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا گوندی سەفا لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنترۆڵ کراوە و دەیانەوێت پاشەکشە بەو گرووپانە بکەن کە هێرش دەکەن.
جیا لە چل ئاغا، ئەمڕۆ لە حەسەکەش گرووپەکانی سەر بە حکومەت هێرشیان کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی سوپای عەرەبیی سووریا ئەوەیە لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی ئەم گوندانەوە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە یەکدی داببڕێنێت.
شارۆچکەی چل ئاغا دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قامشلۆ و نزیکەی 55 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، هەسەدە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی شارۆچکەکە نەکەوێتە سوپای عەرەبیی سووریا، چونکە بە کەوتنی چل ئاغا رێگەی دێرک کە قامشلو دادەبڕێ، جگە لەوەش رێگەی نێودەوڵەتی لە دەروازەی سێمالکا بۆ قامشلو بە چل ئاغادا تێدەپەڕێت.