گوتەبێژی یەپەگە بۆ رووداو: لە گوندی سەفا 40 چەکداری سوپامان کوشتن

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایدەگەیێنێت، چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا دەیانەوێت بگەنە رێگەی ستراتیژیی سێمالکا و تەنیا لە گوندی سەفا "تەرمی نزیکەی 40 چەکداریان" جێهێشتووە. دەشڵێت هێشتا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ نەکراوەتە سەر ناوەندی شاری حەسەکە.
 
سیامەند عەلی، گوتەبێژی یەپەگە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 19:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر گوندی سەفا لە باشووری شارۆچکەی چڵ ئاغا دەستیپێکردووە و "تاوەکو ئێستا چوار جار هێرشەکانیان تێکشکێندراون".
 
سەبارەت بە زیانەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، سیامەند عەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە دەوروبەری گوندی سەفا تەرمی نزیکەی 40 چەکدار لەسەر زەوی کەوتوون و لەکاتی پاشەکشەدا چەندین ئۆتۆمبێلیان جێهێشتووە. گوتیشی: "بە دەیان تەرمی دیکەی چەکدارەکان لە گوندەواری کۆبانێ جێماون."
 
گوتەبێژی یەپەگە ئامانجی هێرشەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، چەکدارەکان هەوڵدەدەن بگەنە رێگەی "سێمالکا - دێرک" و رێگەی نێوان دێرک و قامیشلۆ بپچڕێنن. 
 
لەبارەی دۆخی حەسەکەشەوە، سیامەند عەلی دڵنیایی دا کە تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ نەکراوەتە سەر ناوەندی شارەکە و شەڕڤانان لە ئامادەییدان.
 
شارۆچکەی چڵ ئاغا نزیکەی 55 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆوە دوورە؛ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرگرییەکی تووند دەکەن بۆ ئەوەی رێگە نەدەن شارۆچکەکە بکەوێت، چونکە بە کەوتنی، رێگەی نێودەوڵەتی لە دەروازەی سێمالکا بۆ قامیشلۆ دەپچڕێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشێک لە پیاوانی عەرەبی گوندەکانی ناوچەکە ژن و منداڵەکانیان رەوانەی دەرەوە کردووە و خۆیان بۆ هاوکارییکردنی سوپای سووریا لە کۆنترۆڵکردنی گوندەکاندا ماونەتەوە.