ئەمریکا و رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە بایەخەوە باس لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، وڵاتەکەی چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی نوێی دیمەشق دەکات. نوێنەری رووسیاش هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کورد بۆ "تێكەڵبوونەوەی سووریا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" بە یارمەتیدەر دەبینێت.
15 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش رۆژی هەینی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی سووریا، بە بایەخەوە باسیان لە رێککەوتنەکانی نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد.
دۆرۆسی شیا، هەڵسوڕێنەری کاروباری نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بهردهوامین له چاودێریکردنی جێبهجێکردنی رێککهوتنی 10ی ئادار لهگهڵ هێزهکانی سووریای دیموکرات و چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی وردەکارییەکانی رێککهوتنهکە."
بەگوێرەی رێککەوتنە کە لە دیمەشق لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا واژۆ کرا، هەموو دامەزراوە سەربازی و سڤیلەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێنە سەر حکومەتی راگوزەری سووریا، لە سەرانسەری وڵات ئاگربەست رادەگەیێندرێت، دان بە مافەکانی کورددا دەنرێت، نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتدا بەشدار دەبن، رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەدرێت، لەنێویاندا بۆ عەفرین، هەروەها هەسەدە لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی بەشار ئەسەد پشتیوانی لە حکومەتی نوێ دەکات.
لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا، سەرەتای ئەم مانگە سەدان شەڕڤان گەڕە زۆرینە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەبیان جێهێشت.
شیا لەو بارەیەوە گوتی: "شێوازی رێککهوتنەکەی حهلهب و تێکهڵکردنی ئاشتییانهی هێزهکانی حکومهتی کاتی و هێزهکانی سووریای دیموکرات به ئاماژەی دڵخۆخشکەری بەرەوپێشچوونن."
10ی ئەم مانگە، هەسەدە و دیمەشق رێککەوتنێکی دیکەیان کرد بۆ ئەوەی هێزە زۆرینە کوردییەکە لە بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فورات لە رۆژهەڵاتی حەلەب بکشێتەوە. بەنداوەکە هەر لە دوای رووخانی ئەسەدەوە، شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هەسەدە و گرووپی سوپای نیشتمانیی سووریا بەخۆیەوە بینیبوو.
نوێنەری ئەمریکا گوتی، "چاوەڕێی پێشکهوتنی هاوشێوه لهبارەی بهنداوی تشرین، عهفرین و دێرەزوور دەکەین."
شیا ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە جێبهجێکردنی رێککەوتنەکان بمانگهیهنێته پێکهاتەیەکی یهکگرتووی ئاسایشی وڵات و چوارچێوهیهک که دڵنیامان بکاتەوە لەوەی چەکدارانی داعش لە زینداندا دەمێننەوە."
لە لایەکی دیکەوە، ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی سووریا و گوتی، "نیگەرانین کە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای نیشتمانیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە، وێڕای ئەوەی رێککەوتن کراوە کە هەردوو هێزەکە بخرێنە نێو هێزە چەکدارە نیشتمانییە نوێیەکانی سووریا."
لەگەڵ ئەوەشدا، نێبێنزیا گوتی، "ئەو پێشکەوتنە بەرز دەنرخێنین کە لە گفتوگۆی نێوان حکومەتی سووریا و کورددا بەدیهاتووە، لە نێویدا رێککەوتنی رادەستکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەلەب و بەنداوی تەبقا لەسەر رووباری فورات و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە پێی ئەو رێککەوتنەی لە 10ی ئادار لە لایەن ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەوە لە دیمەشق واژۆکراوە."
باڵیۆزی رووسیا بڕوای وایە "دروستکردنی هاوئاهەنگیی سەرکەوتوو لەگەڵ کورد، لە تێکەڵبوونەوەی سووریا لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر دەبێت و پەیامێکی ئەرێنی دەبێت بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە."