هەسەدە: هێرشێکی داعشمان لە دێرەزوور تێکشکاند

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بۆ سێیەم رۆژی لەسەریەک، هێرشی داعش تێكدەشکێنن، کە شانە نووستووەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە دەیکەنە سەر خاڵەکانیان.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانیان هێرشێکی داعشیان بۆسەر یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانیان لە شارۆچکەی سەبحە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور تێکشکاندووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چەکدارانی داعش بە ماتۆڕسکیل هێرشەکەیان کردووە و چەکی سووکیان بەکارهێناوە.
 
هەسەدە دەڵێت، چەکدارەکان کاتێک بە بەردەم خاڵە سەربازییەکەدا تێپەڕیون، دەستیان بە تەقەکردن لە شەڕڤانان کردووە.
 
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "بەڵام وریایی و هۆشیاریی شەڕڤانانمان هێرشە تیرۆریستییەکەی پووچەڵ کردەوە، لە رێگەی وەڵامدانەوەی سەرچاوەی تەقەکەوە، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی پێکدادان لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکەدا."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات باس لەوە دەکات، "لە ئەنجامی شێوازی تیرۆریستانە و ترسنۆکانەی تەقەکردنی هەڕەمەکی لەلایەن شانە تیرۆریستییەکەوە، هاووڵاتییەکی سڤیل بە گوللـەی تیرۆریستەکان بریندار بوو، کاتێک لەو ناوچەیەدا بوو.  هاووڵاتییەکە لەلایەن شەڕڤانانمانەوە چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا. لەو کاتەدا، شانە تیرۆریستییەکە سەرقاڵبوونی شەڕڤانانمانی بە چارەسەری هاووڵاتییە سڤیلەکە قۆستەوە و توانی هەڵبێت."
 
رێکخراوی پەڕگیری داعش لە گەرمەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی خوێناوی دەستپێکرد و دوای کۆنترۆڵکردنی رووبەرێکی فراوانی سووریا و عێراق، خەلافەتی راگەیاند. وێڕای ئەوەی لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی راگەیێندرا و کۆتایی بە خەلافەتەکەی هێندرا، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات هێشتا سێ هەزار تاوەکو پێنج هەزار چەکداری هەبێت. 
 
دوایین راپۆرتی پشکنەری گشتیی ئەمریکاش ئاماژە بەوە دەکات،  وێڕای لاوازبوونی داعش، رێکخراوە پەڕگیرەکە هێشتا بە هەڕەشە ماوەتەوە و هەوڵی قۆستنەوەی ئەو ناسەقامگیرییە دەدات کە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا هاتووەتە ئاراوە.
 
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاش کە لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە فەرمانڕەواییان گرتووەتە دەست، بە هیوای بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەمریکا و رزگاربوون لە سزا ئابوورییەکان، بەم دواییانە هەوڵەکانیان دژی داعش چڕکردوونەتەوە. 
 
بە گوێرەی حکومەتی ئەمریکا، لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان داعش "هیچ بەرەوپێشچوونێکی دیاری لە توانای ئۆپەراسیۆن و هێرشبردن بەدەست نەهێناوە،" بەڵام هێشتاش سەرەکیترین نیگەرانیی واشنتن هەوڵەکانی رێکخراوەکەیە "بۆ قۆستنەوەی دۆخی ئەمنیی سووریا" لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رەققە و دێرەزوور "توانای داعشی بۆ خۆڕێکخستنەوە پەکخستووە، گرووپەکە هێشتا جموجووڵی هەیە."
 
لەبارەی سەرچاوە داراییەکانی داعش، راپۆرتەکە بە گەڕانەوە بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، رێکخراوە قەدەخەکراوەکە کەمتر لە 10 ملیۆن دۆلاری یەدەگی بەدەستەوە ماوە کە چاوەڕوان دەکرێت زۆربەی لەنێو عێراق بێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، مەزەندە دەکرێت داعش پار 8 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بەبارمتەگرتن و ئازادکردنی خەڵک لە بەرامبەر پارە، سەرانەسەندن و بەخشینەکانەوە کۆکردبێتەوە.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەی رۆژی دووشەممەیدا جەخت دەکاتەوە کە "شکستی هەمیشەیی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش" دەگەیەنن، "ئەمەش زیادبوونی ئەو هێرشانە روون دەکاتەوە کە هێزەکانیان دەکەنە ئامانج، بەڵام هەموو ئەو هێرشانە بە زەبری هێزەکانیان، سووربوونیان لەسەر بنبڕکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکە، لێدانی هەموو پێکهاتەکانی، وشککردنی سەرچاوەکانی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، شکستیان پێدەهێنرێت."