لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر باشووری سووریا کەسێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سووریا رایگەیاند، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر گوندێک لە باشووری ئەو وڵاتە، کەسێک کوژراوە. ئەمە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە دیمەشق سەرکۆنەی داگیرکردنی زیاتری خاکەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە کرد.
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، ئیسرائیل سەتان هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا، بە بیانووی ئەوەی کە نایەوێت چەک و جبەخانەی سەربازیی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست دەسەڵاتدارە نوێیەکانی دیمەشق.
 
هەروەها هێزەکانی چوونەتە نێو ناوچەی داماڵراو لە چەک لە بەرزاییەکانی جۆلان، کە دەکەوێتە لێواری ئەو بەشەی ئیسرائیل داگیری کردووە. هەروەها هێزەکانی جار جارە پێشڕەوی دەکەن بۆ ناوچەکانی قووڵایی باشووری سووریا.
 
ئاژانسی سانا بڵاویکردەوە، "گەنجێک بەهۆی بۆردوومانی داگیرکەری ئیسرائیلییەوە بۆ سەر ماڵێک لە گوندی ترەنجە لە گوندەواری باکووری قونەیترە شەهید بوو."
 
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی پێشڕەویی هێزەکانی ئیسرائیلی بۆ ناوچەی بەیت جن لە باشووری وڵاتەکە کرد، دوای ئەوەی کاروانێکی "ئیسرائیلی بە 11 ئۆتۆمبێلی سەربازی و نزیکەی 60 سەربازەوە" گردێکی ستراتیژییان لە بناری چیای شێخ کۆنترۆڵکرد. وەزارەتەکە ئەمەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی" وڵاتەکەی ناوبرد.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هەفتەی رابردوو هێزەکانی چەندین چالاکیی شەوانەیان لە باشووری سووریا ئەنجامداوە بە مەبەستی گەڕان بەدوای چەک و گومانلێکراواندا. جەختیشی کردەوە کە چەندین کۆگایان دۆزیوەتەوە کە مووشەک، بۆمبی چێنراو و بڕێکی زۆر تەقەمەنییان تێدابووە و دەستیان بەسەردا گرتوون.
 
سووریا و ئیسرائیل بە فەرمی لە ساڵی 1948ـەوە لە دۆخی جەنگدان.
 
لەوەتەی دەستبەکار بووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، جەختی کردووەتەوە کە سووریا نایەوێت شەڕ لەگەڵ دراوسێکانیدا بکات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی.
 
هەردوولا لە گفتوگۆی راستەوخۆدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. هەفتەی رابردوو ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە پاریس لەگەڵ رۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، کۆبووەوە.
 
ئاژانسی سانا رایگەیاندووە، گفتوگۆکان "بە نێوەندگیریی ئەمریکا و لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بەڕێوەدەچن بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و پاراستنی یەکێتی و سەلامەتیی خاکەکەی."