هەسەدە قەدەخەی هاتووچۆی لە دێرەزوور راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە لە رۆژی دووشەممەوە قەدەخەی هاتووچۆیان لە چەند ناوچەیەکی دێرەزوور راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی دووبارە پێکدادان لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە دەستیپێکردەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، هەسەدە لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگای دێرەزوور قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە بەبێ ئەوەی وادەی کۆتایی هاتنی دیاری بکات.
یەكێک لەو شارۆچکانە، شارۆچکەی زیبانە کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و لە ساڵی 2015ـەوە بنکەی سەربازی ئەمریکییەکانی لێیە.
بەشێک لە سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن کە رۆژی دووشەممە، دووبارە شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هۆزە عەرەبەکانی دێرەزوور روویداوە و بەوهۆیەوە چەند شەڕڤانێکی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چەند چەکدارێک لە شارۆچکەی مەیادین، کە لەژێر دەستی سوپای سووریادایە، چوونەتە نێو شارۆچکەی زیبان.
لە راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە: "شەڕڤانان ئاسانکارییان بۆ هاووڵاتییانی سڤیل کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە گوندەکانی دەوروبەر بۆ ئەوەی ژیانیان سەلامەت بێت و گرووپە چەکدارەکان وەکو قەڵخان بەکاریاننەهێنن."
هەسەدە حکومەتی سووریای بەوە تۆمەتبار کرد، رێگە بە پەڕینەوەی چەکداران لە رووباری فورات دەدات و پێیوایە ئەمە رێگە بۆ تووندوتیژی خۆشدەکات.
رۆژی 27-8-2023، شەڕ لەنێوان هەسەدە و چەند گرووپێکی سەر بە ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور دەستیپێکرد دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور و چوار لە هاوکارەکانیان دەستگیرکرد، بە تۆمەتی ئەوەی کە پێشێلکارییان دژی مافی مرۆڤ کردووە و "دەستیان لەگەڵ لایەنی دوژمن تێکەڵکردووە."
دێرەزوور کە بە نەوت دەوڵەمەندە، هاوسنوورە لەگەڵ عێراق؛ زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن. هەسەدە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فوراتی کۆنترۆڵ کردووە. بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەش لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە.