فڕۆکەخانەی دیمەشق بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە لەکارکەوت


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل هێرشیکردە سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق و لەکاری خست. تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی زیانەکانی رانەگەیاندووە.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2023، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقیان بۆردوومانکردووە و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە لەکارکەوتووە. لە راگەیێندراوەکە هیچ ئاماژەیەک بە زیانەکان نەدراوە.
 
رۆژی 17-11-2023، میدیای سووریا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشیانکردە سەر دەورووبەری دیمەشق. لە 25-10-2023یش، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگییان چەند پێگەیەکی سەربازیی سووریایان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ چەند مووشەکێک کە لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کران. میدیای فەرمیی سووریا ئەوکات گوتی، لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا 11 سەربازی سووریا کوژران و 10ی دیکە برینداربوون، جگە لە هەندێک زیانی مادی. 
 
رۆژی 22-10-2023 ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازیمان، ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 05:00ـی بەیانی، سوپای ئیسرائیلی دووژمن، لە دەریای نێوەڕاستەوە لە رۆژئاوای لازقیە و لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە چەند مووشەکێکی ئاراستەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەلەب کرد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەوکات، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەدا لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، کرێکارێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، هەروەها زیانی مادی بە رێڕەوی فڕینی هەردوو فڕۆکەخانەکە کەوت و وایکرد لەکاربکەون.
 
رۆژی 12-10-2023ش هەردوو فڕۆکەخانەکە بۆردوومانکران. لە 14ـی ئۆکتۆبەریش فڕۆکەخانەی حەلەب کرایە ئامانج.
 
لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011 ئیسرائیل هێرشی ناوبەناوی بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانانە ئەنجامداوە و دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە رێگە نەدات چەک و تەقەمەنی بگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان.