تەقینەوەیەک لە کۆگەیەکی چەک لە ئیدلب پێنج کوژراوی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە کۆگەیەکی چەک لە پارێزگەی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 9 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 26-11-2025 هێزە ئەمنییەکانی ئیدلب رایانگەیاند، تەقینەوەکە لە شارۆچکەی کەفر تەخاریم روویداوە و "لە کۆگەیەک بووە، کە مووشەک و تەقەمەنی تێدا بووە و بەهۆی کارکردن لە شوێنێکی نزیکدا روویداوە،" رایانگەیاند، پێنج کرێکاری شوێنەکە گیانیان لە دەستداوە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمییش هەمان ئاماری کوژراوانی راگەیاند، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری تەقینەوەکە بکات. هێزە ئەمنییەکان ئەوەشیان خستەڕوو، 9 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی چەند وێنەیەکی بڵاوکراوە، وێرانکارییەکی بەرفراوان روویداوە و ئاگر و زیانێکی زۆر بە زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوتووە.
لە مانگی ئابدا، دەسەڵاتداران رایانگەیاندبوو کە چوار کەس لە تەقینەوەیەکی کۆگەیەکی چەکدا لە دەرەوەی ئیدلب مردوون.
مانگێک پێشتریش، بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە زنجیرە تەقینەوەیەکدا لە کۆگەیەکی چەکی گرووپی جیهادیی پارتی ئیسلامیی تورکستان، کە ئویغورەکان باڵادەستن تێیدا، لە شارۆچکەی مەعەرەت مسرین لە ئیدلب؛ لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 120 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەرێمی ئیدلب پێش ئەوەی هێزە ئیسلامییەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا بە هێرشێکی خێرا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بڕووخێنن، بنکەی سەرەکیی گرووپە یاخیبوو و جیهادییەکان بوو، لەنێویاندا چەکدارانی بیانی.
دەستەی تەحریر شام، کە پێشتر ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی سووریا سەرکردایەتیی دەکرد، گرووپی باڵادەست بوو لە ناوچەکەدا پێش رووخانی ئەسەد، هەندێک لە گرووپە چەکدارە بیانییەکان هێشتا بنکەیان لەوێ هەیە.