گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەی حمس لەئەستۆ دەگرێت؛ "هێرشەکانمان بەردەوام دەبن"


رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی چەکدار بەناوی سەرایا ئەنسارولسوننە بەرپرسیارێتیی ئەو تەقینەوەیەی گرتەئەستۆ کە ئەمڕۆ لە نێو مزگەوتێکی شاری حمسی سووریا روویدا و هەڕەشەی بەردەوامیی هێرشەکان دەکات.
 
سەرایا ئەنسارولسوننە رایگەیاند: "بە پشتیوانیی خوای گەورە، موجاهیدانی سەرایا ئەنسارولسوننە بە هاوئاهەنگی موجاهیدانی گرووپێکی دیکە، چەندین بۆمبیان لەنێو پەرستگەی عەلی کوڕی ئەبی تالیبی سەر بە نوسەیرییەکان (عەلەوییەکان) تەقاندەوە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 40 نوسەیری، سوپاس بۆ خودا."
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، لە کاتی نوێژی هەینیدا، تەقینەوەیەک لە نێو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمس روویدا. وەزارەتی ناوخۆی سووریا گیانلەدەستدانی 8 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکەی راگەیاند.
 
سەرایا ئەنسارولسوننە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە کە گوایە تەقینەوەکە مزگەوتێکی سوننەی کردووەتە ئامانج. هاوکات ئەوەش وەبیردەهێنینەوە، هێرشەکانمان بەردەوام و زیاتر دەبن و هەموو بێباوەڕان و هەڵگەڕاوەکان دەگرێتەوە."
 
بەپێی میدیای فەرمیی سووریا (سانا)، تەقینەوەکە لەرێگەی بۆمبی چێنراوەوە بووە کە لە نێو مزگەوتەکەدا دانراوەتەوە.
 
حمس شارێکی زۆرینە سوننە مەزهەبە، بەڵام چەندین گەڕەکی عەلەویشی تێدایە.