گیانلەدەستدان بەهۆی تەقینەوەکەی حمس بۆ 8 کەس بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی سووریا ئامارێکی نوێی لەبارەی تەقینەوەکەی شاری حمس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 8 کەس بەرزبووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 26-12-2025، وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لەنێو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمس، تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
 
وەزارەتەکە دەڵێ، ئەگەری هەیە ژمارەکە زیاتر بێت.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیای سووریای راگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هێرشەکە لە رێگەی چەند بۆمبێکی چێنراوەوە بووە کە لە نێو مزگەوتەکەدا دانراوە. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ، گرووپی چەکداری سەرایا ئەنسارولسوننە لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی تەقینەوەکەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، هێرشەکەیان ئەو عەلەوییانەی کردووەتە ئامانج کە لە نێو مزگەوتەکەدا بوون. 
 
حمس شارێکی زۆرینە سوننە مەزهەبە، بەڵام چەندین گەڕەکی عەلەویشی تێدایە.