مەزڵووم عەبدی لە دیمەشقە
رووداو دیجیتاڵ
چوار سەرچاوەی باڵا بە رووداویان گوت، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی سووریا، لە دیمەشقە.
رۆژی سێشەممە، 27-01-2026، چوار سەرچاوەی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و یەکێک لە ئەندامەکانیشی بریتییە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ئەو سەرچاوانە گوتیان، مەبەستی سەردانەکە کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی سووریا، ئەوەش بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو، راگرتنی شەڕ و بەردەوامیدان بە ئاگربەست.
رۆژی شەممە 24-01-2026 کاژێر8:00ـی شەو دوایین کاتی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەی نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا بوو، بەڵام هەمان رۆژ وەزارەتی بەرگریی سووریا بڵاویکردەوە، ئاگربەستەکە بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە، واتە تاوەکو 8ـی شوبات.