ترەمپ و شەرع بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ باسی چییان کردووە؟


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "درێژخایەن"ـی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاوە پێگەیشت و تێیدا پێشهاتەکانی قۆناخی راگوزەر و داهاتووی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە "یەکپارچەیی خاک و سەروەریی نیشتمانی کردووەتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کردووە "سووریای نوێ" پەیڕەوی سیاسەتێکی کراوە بەرەو جیهان دەکات و دەیەوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتن لە یەکدی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان پەرەپێبدات. 
 
سەرۆکایەتیی سووریا بڵاویکردەوە، هەر لەو پەیوەندییەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ "رێگریکردن لە گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و لە سەرووشیانەوە داعش".
 
دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ "خواستەکانی گەلی سووریا لە بنیادنانی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و بەهێز دەربڕی؛" هەروەها پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەست کرد و بە "هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە" بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ناوی برد، ئەوەش بە گوێرەی سەرۆکایەتیی سووریا.  
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی سووریا، "ترەمپ دەستخۆشی لەو لێکتێگەیشتنانە کرد کە تایبەتن بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان، لەوانەش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت."
 
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا کە تایبەت بوو بە دۆخی ئابووری، "ترەمپ ئامادەیی واشنتنی نیشاندا بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرمایەگوزاری." 
 
هەر بەگوێرەی سەرۆکایەتیی سووریا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە "سەقامگیریی ئابووریی سووریا، بەردی بناخەیە بۆ سەقامگیریی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن و لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئایوا گوتی: "گفتوگۆیەکی نایابم لەگەڵ سەرۆکی زۆر بەڕێزی سووریا [ئەحمەد شەرع] هەبوو. کارەکانی ئەو ناوچەیە زۆر باش بەڕێوەدەچن؛ ئێمە زۆر بەوە دڵخۆشین."
 
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، سووریا بەرەو قۆناخێکی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێ و لایەنە نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەن کە لە نێوان دیمەشق و هێزە جیاوازەکاندا واژۆ کراون.