جەنگی گەنم لە سووریا؛ وشکەساڵی قەیرانی خۆراک بۆ زیاتر لە 16 ملیۆن کەس دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا تووندترین وشکەساڵی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا رووی لە سووریا کردووە، رکابەری لەنێوان حکومەتی سووریا و ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، لەسەر کڕینی بەرهەمی گەنم چڕبووەتەوە. ئەم دۆخە وایکردووە زیاتر لە 16 ملیۆن کەس رووبەڕووی مەترسیی نەمانی ئاسایشی خۆراک ببنەوە.
حەیا ئەبو عەساف، یاریدەدەری نوێنەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) لە سووریا رایگەیاند: "وڵاتەکە لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا کەشوهەوایەکی ئاوا خراپی بەخۆیەوە نەبینیوە."
ئەبو عەساف گوتی، ئاستی ئاو لە سووریا "بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو دابەزینێکی زۆر بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە." هۆکارەکەشی بۆ کەمی بارانبارین گەڕاندەوە.
بەرپرسەکەی فاو، پێشبینی دەکات 2.5 بۆ 2.7 ملیۆن تۆن گەنم کورتهێنان هەبێت، واتە بڕی گەنم بەشی پێداویستیی ناوخۆ ناکات. ئەمەش بە گوتەی ئەبو عەساف وا دەکات "ئەم ساڵ نزیکەی 16.3 ملیۆن کەس لە سووریا رووبەڕووی مەترسیی نەبوونی ئاسایشیی خۆراک ببنەوە."
پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 2011، سووریا لە بەرهەمی گەنمدا خۆبژێو بوو و ساڵانە 4.1 ملیۆن تۆن گەنمی بەرهەمدەهێنا. بەڵام نزیکەی 14 ساڵ لە ململانێ، بەرهەمهێنانی پەکخستووە و ئابووریی وڵاتەکەی وێران کردووە.
بەپێی خەمڵاندنەکانی فاو، کەشوهەوای سەخت کاریگەریی لەسەر نزیکەی 2.5 ملیۆن هێکتار زەوی چێنراو بە گەنم هەبووە و نزیکەی 75%ـی ناوچە چێنراوەکان و لەوەڕگە سرووشتییەکان زیانیان بەرکەوتووە.
هاوردەکردن و رکابەری
پێشتر حکومەتی دیمەشق پشتی بە رووسیای هاوپەیمانی دەبەست بۆ دابینکردنی گەنم، دوای لابردنی ئەسەدیش، لە مانگی نیسان، دەسەڵاتدارانی نوێ یەکەم کاروانی گەنمیان لە بەندەری لازقییە وەرگرت و عێراقیش زیاتر لە 220 هەزار تۆن گەنمی وەک هاوکاری پێشکەش بە سووریا کرد.
لە ماوەی شەڕدا، دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رکابەریی یەکدیان دەکرد بۆ کڕینی گەنم لە جووتیاران. ساڵی رابردوو حکومەتی دیمەشق نرخی یەک تۆن گەنمی بە 350 دۆلار و ئیدارەی خۆسەر بە 310 دۆلار دیاریکردبوو.
بەڵام ئەم ساڵ، ئیدارەی خۆسەر نرخی یەک تۆن گەنمی بە 420 دۆلار دیاریکردووە (کە 70 دۆلاری وەک پاداشتە)، لە کاتێکدا دیمەشق نرخەکەی لەنێوان 290 بۆ 320 دۆلاردا داناوە، لەگەڵ 130 دۆلار پاداشت.
"هەژاری و برسێتی"
لە عاموودێی رۆژئاوای کوردستان، جەمشید حەسۆی تەمەن 65 ساڵ، کە نزیکەی 200 هێکتار زەوی هەیە، دەڵێت سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ ئاودان، بەرهەمەکەی بۆ نیوە کەمبووەتەوە.
بە گوتەی فاو، "نزیکەی 95%ـی ئەو گەنمەی پشت بە باران دەبەستێت (دێمی) زیانی بەرکەوتووە" و بەرهەمی گەنمی ئاودراویش 30% بۆ 40% کەمیکردووە.
جەمشید حەسۆ، کە 40 ساڵە جووتیارە، دەڵێت ناچار بووە لە قووڵایی زیاتر لە 160 مەترەوە ئاو دەربهێنێت بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی.
کشتوکاڵ هێشتا سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە لە گوندەکانی سووریا، بەڵام جووتیاران هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "بەبێ پشتیوانی، ناتوانین بەردەوام بین. خەڵک تووشی هەژاری و برسێتی دەبێت."