مەسەدە لە شێخ مەقسوودی حەلەب: دۆخەکە ئارامە، بەڵام ئەگەری دروستبوونەوەی گرژی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
تەنیا دوای چوار رۆژ لە ئاگربەستی حکومەتی دیمەشق و ئاسایشی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆرسەدان، هەینی گرژی لە سنوورەکە دروستبوو. هاوسەرۆکی دوو گەڕەکەکە و مەسەدە لەو گەڕەکانە حکومەت تۆمەتباردەکەن و حکومەتی سووریاش دەڵێ، "هەسەدە پێشێلکاری" لە رێککەوتنەکان کردووە.
محەممەد ئەمین عەلیکۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 10:00ـی شەوی رابردوو لە رێگەی ئاڕ پی جییەوە هێرشکرایە سەر خاڵێکی پشکنین لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئاگرەبەست راگەیێندراوە".
محەممەد ئەمین عەلیکۆ دەڵێ: "دوای هێرشەکەی شەوی رابردوو، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بە تانک و چەکی قورس گەمارۆی گەڕەکەکانیان دا، ئەوەش ترسێکی زۆری لای هاونیشتمانییان دروستکرد. دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش دەستوەردانیان کرد، دۆخەکە کەمێک ئارام بوویەوە".
ئەو بەرپرسەی مەسەدە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گوتی: "ئەمڕۆ تاوەکو ئێستا دۆخەکە ئارامە، بەڵام ئەگەری دروستبوونەوەی شەڕ هەیە".
محەممەد ئەمین عەلیکۆ دەڵێ: "لە 22ـی مانگەوە کارەبا لەسەر هەردوو گەڕەکەکەمان بڕاوە، ئێستا ئینتەرنێتی وایفای بەتەواوی بڕاوە و تەلەفۆنکردنیش زۆر سنووردار بووە".
بەگوتەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەسەدە لەو ناوچەیە، رێگری بۆ چوونەژوورەوە بۆ ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە لە 22ـی مانگەوە بەردەوامە و ئەوان بە "گەمارۆدانی مرۆیی" ناوی دەبەن.
هەروەها هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وێڕای ئاگربەستی راگەیێندراوی 22ـی ئەم مانگە، ئێوارەی هەینی هێرشێک بۆسەر گەڕەکەکانمان ئەنجام درا، بەردەوامیش فڕۆکە و درۆن بەسەر گەڕەکەکاندا دەسووڕایەوە".
هاوسەرۆکی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب گوتی: "هێزەکانی سەر حکومەتی دیمەشق هێرشەکەیان ئەنجام دا، کە هێرشێک بوو بۆ سەر خاڵێکی ئاسایش گەڕەکەکان. ئەوان نایانەوێت ئەم ناوچەیە ئارام بێت و دەیانەوێ ئاڵۆزیی هەبێ".
22ـی ئەم مانگە، شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو، دوای نزیکەی 5 کاژێر پێکدادان و گیانلەدەستدانی ئافرەتێک و برینداربوونی 19 سڤیل، شەڕەکە راگیرا.
شەوی رابردوو هەسەدە رایگەیاند، یەکێک لە بازگەکانیان لە نزیک گۆڕەپانی شێحان لە حەلەب بە ئاڕ پی جی کراوەتە ئامانج.
هەسەدە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد و جەختی لە "دانبەخۆداگرتن" لەپێناو سەرخستنی گفتوگۆکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە کردەوە و راشیگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق تانک و ئامێری سەربازیی قورسیان هێناوەتە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە لە شاری حەلەب".
بەڵام عەقید محەمەد عەبدولغەنی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەلەب رایگەیاند: "لە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنە واژۆکراوەکاندا"، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بڵاوەیان پێکراوە "یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان کردە ئامانج، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە رێکخستنی هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی مەدەنییەکان."
ئەو فەرماندەیەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا گوتی: "ئەم دەستدرێژییە بووە هۆی برینداربوونی یەکێک لە کارمەندەکان کە دەستبەجێ بۆ بنکەیەکی پزیشکی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گوێزرایەوە، هاوکات بەپێی یاسا و رێسا پەیڕەوکراوەکان، وەڵامی سەرچاوەی تەقەکان درایەوە و بێدەنگ کران."
ئەو دوو گەڕە کوردنشینەی حەلەب، لە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوە دەبرێن. هێزەکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.