وەزارەتی ناوخۆی سووریا: بەپەلە و بە رێکاری ئاسان وڵاتینامە بدەنە خوشک و برا کوردەکانمان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا فەرمانی بە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد، بەپەلە دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێدانی وڵاتینامە بەو کوردانە بکەن کە بەهۆی سەرژمێریی ساڵی 1962ـەوە لێی بێبەش کرابوون.
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ئەمڕۆ 28-01-2026 بە واژۆی ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا دەرچووە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شارستانی کراوە کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی مەرسوومی ژمارە 13 کە لە 16ـی ئەم مانگەدا لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دەرچووبوو.
 
لە نووسراوەکەدا، جەخت لەسەر ماددەی 4ـی مەرسوومەکە کراوەتەوە و دەڵێت: "هەموو ئەو یاسا و رێکارە نائاساییانە هەڵدەوەشێنرێنەوە کە لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگەی حەسەکە سەپێنرابوون. وڵاتینامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی بە رەچەڵەک کوردن و لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن، بەوانەشەوە کە وەک (مەکتووم قەید - بێ ناسنامە) تۆمارکراون."
 
وەزیری ناوخۆی سووریا لە فەرمانەکەیدا داوای کردووە "بەپەلە" رێکارەکان ئامادە بکرێن و تاوەکو رۆژی 05-02-2026 کارەکان تەواو بکرێن. هەروەها وەزیرەکە جەختی کردووەتەوە، دەبێت "تاوەکو دەکرێت رێکارەکان بۆ خوشک و برا کوردەکانمان ئاسان بکرێن."
 
لە ساڵی 1962 حکومەتی ئەو کاتەی سووریا سەرژمێرییەکی نائاسایی لە پارێزگەی حەسەکە کرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 120 هەزار کورد مافی وڵاتینامەیان لێسەندرایەوە و کرانە دوو بەش؛ "ئەجانب حەسەکە" (بیانییەکانی حەسەکە) و "مەکتوومین" (ئەوانەی هیچ جۆرە تۆمارێکیان نەبوو). ئەم کێشەیە بۆ ماوەی 64 ساڵ بەبێ چارەسەر مابووەوە.
 
ئەم فەرمانە خێرایەی وەزارەتی ناوخۆ هاوکاتە لەگەڵ ئەو لێکتێگەیشتنە نوێیەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، کە بەپێی ئەوە پۆلیسی سووریا دەچێتە ناو شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە.