لە حەمما بەهۆی تەقینەوەی مینێک 10 کۆکەرەوەی دۆمبەڵان، کوژران
رووداو دیجیتاڵ
10 کەسی سڤیل بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە کاتی گەڕانیان بە دوای دۆمبەڵاندا لە حەمما گیانیان لەدەستدا. "مینەکە لەلایەن داعشەوە چێنراوە ".
میدیای فەرمیی سووریا (سانا) ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-2-2023) رایگەیاند "بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە، کە لە لایەن داعشەوە چێندرابوو، نۆ هاووڵاتی کوژران و دووی دیکە برینداربوون". ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانە لە گوندی سالمییەی پارێزگەی حەمما بەدوای دۆمبەڵاندا دەگەڕان کاتێک بەر تەقینەوەکە کەوتن.
میدیاکە دواتر رایگەیاند، تەقینەوەی مینێکی دیکەی داعش لە هەمان ناوچە بووەتە هۆی "کوژرانی هاووڵاتییەک و برینداربوونی 10ـی دیکە".
داعش دەستیکردووتە بەئامانجکردنی ئەو کەسانەی بەدوای دۆمبەڵاندا دەگەڕێن. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، تاوەکو ئێستا، لانیکەم 112 کەسیان کوژراون کە 92ـیان خەڵکی سڤیل بوون.
ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سووریا لە بیابانەکاندا بەدوای دۆمبەڵاندا دەگەڕێن کە وەرزی دەرکەوتنی شوبات تاوەکو نیسانە، بۆ ئەوەی بە نرخێکی بەرز بینفرۆشن و بژێوی ژیانیان لەو وڵاتە وێرانبووە بەهۆی جەنگەوە، دابینبکەن.
بیابانەکانی سووریا بە بەرهەمهێنانی باشترین دۆمبەڵانەکانی جیهان بەناوبانگن. کیلۆیێکی "کەڕووە بەتامەکە" بە 5 تاوەکو 10 دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشرێت، لە وڵاتێکدا کە ناوەندی مووچەی مانگانە تێیدا 18 دۆلارە.
لەم ساڵانەی دواییدا، گەڕان بەدوای دۆمبەڵاندا لە نێوەڕاست، باکووری رۆژهەڵات و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک، لە نێویاندا ژن و منداڵان.
18ـی شوباتی ئەمساڵ، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لانیکەم 68 کەس لە کاتی گەڕان بەدوای دۆمبەڵاندا لە بیابانێکی نزیک پارێزگەی حومس لە هێرشێکی داعشدا کوژران.