سووریا
کەسێک لە سووریا کۆمەڵێک دۆمبەڵانی دۆزیوەتەوە. ئەم وێنەیە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە زنجیرەیەک هێرشدا لە سووریا، داعش ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە دۆمبەڵان کۆدەکەنەوە و دەیان هاووڵاتیی سڤیل، سەرباز و ئەفسەری ئەمنیی لە بیابانەکانی نێوەڕاستی سووریا کوشتووە. ئەو هێرشانەی داعش تەنانەت دوای بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتیش نەوەستاون.
ئەو هێرشانە وەبیرهێنەرەوەیەکن بۆ مانەوەی هەڕەشەکانی داعش کە شانە نووستووەکانی دوای نزیکەی چوار ساڵ لە لەنێوچوونی خەلافەتەکەی، هێشتا خەڵکی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، بەڵام شوێنی هێرشەکان ئاماژەیەکن بۆ سنوورداربوون و کەمبوونەوەی تواناکانی چەکدارەکانی گرووپە پەڕگیرەکە.
ئەندامانی داعش پەنایان بردووەتە بەر بیابانە دوورەدەستەکانی نێو سووریا و ئەوانی دیکەی سەر سنووری عێراق-سووریا. لەوێوە، هێرشی خوێناوییان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی هەردوو وڵات، بەڵام لە لایەن دژبەرەکانیانەوە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراون، بە تایبەتی شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریاوە، هەروەها حکومەتی سووریا لە رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چەندینجار بوونەتە هۆی کوشتن یان دەستگیرکردنی سەرکردەکانی داعش. هەر لەم مانگەدا، دوو سەرکردەی دیاریی رێکخراوە پەڕگیرەکە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا کوژران.
لەم مانگەدا، زۆربەی هێرشەکانی داعش دژی ئەو کەسانە بوون کە لە بیابانەکانی سووریا دۆمبەڵان کۆدەکەنەوە، دۆمبەڵان کەڕووێکی خۆڕسكی وەرزییە، دوای بارانێكی باش لە وەرزی پایز دەڕوێت و لە بەهاردا كۆدەكرێتەوە.
ئەوانەی کە دۆمبەڵان کۆدەکەنەوە، بە کۆمەڵ لە ناوچە دوورەدەستەکان دەگەڕێن. لە ماوەی ساڵەکانی رابردووشدا داعش چەندین جار ئەوانی راوناوە، بە جۆرێک کە لە بیابانەکانەوە ئەوانی رفاندووە، بەشێکیانی دەکوشت و بەشێکی دیکەشی لە بەرامبەر پارەدا ئازاددەکرد.
11ـی شوباتی ئەمساڵ، 75 کەس لە کاتی گەڕان بەدوای دۆمبەڵاندا، لە نزیک تەدموور لە لایەن داعشەوە رفێنران. لانیکەم 16یان کوژران، لە نێویاندا ژنێک و چەند ئەفسەرێکی ئەمنی، هەروەها 25 یان ئازادکران و ئەوانی دیکەش بێسەروشوێنن.
شەش رۆژ دواتر، واتە رۆژی هەینیی رابردوو، داعش هێرشی کردە سەر گرووپێکی دیکەی کۆکردنەوەی دۆمبەڵان لە نزیک شاری سوخنە کە دەکەوێتە سەرووی رێگەی سەرەکی تەدموور، لە ئەنجامدا شەڕ لەگەڵ سەربازانی خاڵێکی پشکنینی حکومەتی سووریا دروستبوو، لانیکەم 61 کەسی سڤیل و 7 سەرباز کوژران کە زۆربەیان ئەو کەسانە بوون کە بە دوای خۆراکە خۆڕسکەکەدا دەگەڕان.
ئەوانەی کە بە دوای دۆمبەڵاندا دەگەڕێن، زۆربەیان بۆ سێ بازرگانی نزیک لە سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری حکومەت کاردەکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت بەو هۆیەوە کەوتبێتنە بەر هێرشی داعش.
هێرشی دیکەی بچووک بچووکیش لەو ناوچانە بوونەتە هۆی کوژرانی 12 کەسی دیکە، لە نێویاندا سەربازانی حکومەتی سووریا و چەکدار و خەڵکی سڤیلی لایەنگری.
ئەو شوێنانە زۆر لەو ناوچەیەوە دوورن کە کەوتنە بەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ـی شوبات کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەرووی 46 هەزار کەس لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چەکدارانی داعش، بە گوێرەی چالاکڤانانی مرۆیی ناوچەکە، دەستی لە هێرشەکانی سووک نەکردووە.
هێرشەکەی هەینیی رابردووی گرووپە پەڕگیرەکە خوێناویترینی بوو دوای ئەو هێرشەی کە کانوونی دووەمی 2022 کردییە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە شەڕێکی 10 رۆژەی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 500 کەس.
هێرشی سەر ئەو زیندانە، کە نزیکەی سێ هەزار چەکداری تێدا بەندکرابوون، ترسی گەڕانەوەی داعشی زیادکرد، بەڵام دوای ئەوە، چەندین گورزی کوشندە لە رێکخراوەکە دران، تاوەکو گەڕایەوە سەر هێرشی ناوبەناو و تەقاندنەوەی بۆمبی چێنراو.
ئارۆن زەلین، لێکۆڵینڤانی باڵا لە پەیمانگەی واشنتن بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسی رۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، هێشتا زووە بڵێین ئەم زنجیرە هێرشانە دەستپێکی سەرهەڵدانەوەیەکی نوێی داعشن.
زەلین کە لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئایدۆلۆجیی گرووپە پەڕگیرەکان دەکات، دەڵێت: "ئەوە گەورەترین هێرشە لە ماوەیەکی درێژدا روویدابێت. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمە هێرشێکە تەنیا جارێک روویدا و تەواو، یانیش ئایا ئەوان تواناکانی خۆیان چالاک دەکەنەوە."
ئەو لێکۆڵینڤانە ئاماژە بەوە دەکات، لە 2019ـەوە ساڵ دوای ساڵ داعش ناچالاکتر بووە و سەرنجی هێرشەکانی خستووتە سەر خەڵکی سڤیل نەک ئامانجە ئەمنییەکان.
ساڵی 2014 داعش ژمارەیەک ناوچەی بەرفراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد و "خەلافەتی" راگەیاند. پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەسەدە بە پشتیوانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها هێزەکانی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی، نزیکەی تەواوی ناوچەکانیان لە ژێر دەستی گرووپە پەڕگیرەکە دەرهێنا، بەڵام دوای کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی چەندین شار. ساڵی 2017، لە عێراق و باشووری کوردستان هەروەها ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی داعش راگەیێنرا.
ساڵی 2019، هەڵسەنگاندنێکی باو هەبوو بەوەی کە داعش دوای لەدەستدانی دوایین شار، ئیدی کۆتاییدێت. ئەبوبەکر بەغدادیی دامەزرێنەریشی لە هێرشێکی ئەمریکادا کوژرا، هەروەها هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ داخستنی رووپەڕ و هەژمارەکانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکرد بۆ نەهێشتنی پڕوپاگەندە و هەڵمەتی راکێشانی خەڵکی زیاتر بۆ نێو ریزەکانی.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، هێرشێکی دیکەی ئەمریکا بووە هۆی کوژرانی جێگرەوەی بەغدادی کە ناوی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی بوو. جێگرەوەکەی ئەلقورەیشیش تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە شەڕێکی دژی گرووپە چەکدارەکان لە ئیدلب کوژرا.
نوێترین خەلیفەی داعش بە ناوی ئەبو حوسەین حوسەینی قورەیشییە. عەبدوڵڵا سولەیمان عەلی، لێکۆڵینڤانێکی سوورییە کە سەرنجی لەسەر گرووپە پەڕگیرەکانە، باس لەوە دەکات، کە رەنگە خەلیفە نوێیەکە هەوڵبدات هێزی خۆی لە رێگەی هێرشەکانی ئەمدواییەوە پێشانبدات.
عەلی دەڵێت: "سەرکردە نوێیەکە پێویستی بەوەیە هەندێ هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە نێو رێکخراوەکەدا بسەلـمێنێت، بۆ ئەوەی پێشانیبدات کە گرووپەکە لە ژێر سەرکردایەتییە نوێیەکەیدا خاوەن توانا و هێزە."
ئەم مانگە، هەسەدە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، ژمارەیەک سەرکردەی باڵای داعشی لەنێوبردن.
10ـی شوبات، ئیبراهیم قەحتانی، پلاندانەری گومانلێکراوی هێرشەکەی سەر زیندانی غوێران، کوژرا. هەشت رۆژ دواتر، بەرپرسێکی دیکەی داعش دەستگیرکرا کە لە دروستکردن و تەقاندنەوەی بۆمبدا دەستی هەبووە.
هەفتەی رابردوو، حەمزە حومسی، فەرماندەی باڵای داعش، لە هێرشێکدا کوژرا؛ لەو هێرشەدا چوار سەربازی ئەمریکیش برینداربوون، بەڵام بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، هەڕەشەی داعش بە زیندوویی ماوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەم مانگەی UN مەزەندە دەکرێت داعش پێنج تاوەکو حەوت هەزار ئەندام و پشتیوانکاری لە عێراق و سووریا هەبێت کە نیوەیان چەکدارن.
داعش حەشارگەی بیابانەکان "بۆ مەبەستی کۆبوونەوە و راهێنان" بەکاردەهێنێت و شانەی 15 تاوەکو 30 کەسی لە ناوچە جیاجیاکانی هەردوو وڵات بڵاودەکاتەوە، بەدیاریکراوی لە پارێزگەی دەرعای باشووری سووریا.
سیامەند عەلی، گوتەبێژی هەسەدە دەڵێت، داعش بەردەوام نەخشە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دادەنێت. هەروەها ئاماژە بە هەوڵێکی شکستخواردووی رێکخراوەکە دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێک دژی بارەگاکانی هەسەدە لە شاری رەققە لە کانوونی یەکەم، کە لەو کاتەوە هەسەدە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی شەقام بە شەقامی شارەکە کرد، چەندین ئەندامی داعشی دەستگیرکرد و دەستی بەسەر چەکەکەیاندا گرت. سیامەند عەلی باس لەوە دەکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە گرووپەکە نزیک بووە لەوەی هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامبدات.
بەگوتەی سیامەند عەلی، ئامانجی سەرەکیی داعش شکاندنی ئەو زیندان و کەمپانەیە کە چەکدار و ئەندامەکانی تێدا بەنکراون.
نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش، کە دوو هەزاریان بیانین، لە گرتووخانە و کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراون.
جەنەڕال مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەم مانگە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، داعش "هێشتاش هەڕەشەیە نەک تەنیا بۆ سەر عێراق و سووریا، بەڵکو بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی هەموو ناوچەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ