ئەنجوومەنی ئاسایش سزاکانی سەر دەستەی تەحریری شامی لابرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا سەرجەم ئەو سزایانەی هەڵگرت کە بەسەر گرووپی چەکداریی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە)دا سەپێنرابوون. ئەم گرووپە پێشتر لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریاوە سەرکردایەتی دەکرا.
 
دەستەی تەحریری شام کە پێشتر (بەرەی نوسرە) بوو و وەک باڵی رێکخراوی قاعیدە لە سووریا دەبینرا، لەکاتی دروستبوونییەوە لە ژێر سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بوو. هەرچەندە لە ساڵی 2016دا گرووپەکە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدە پچڕاندووە و ناوی خۆی گۆڕیوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بوو لە سزادانی.
 
ئەم گرووپە رۆڵی سەرەکیی هەبوو لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە لە ساڵی 2024 بە هاوکاریی چەندین گرووپی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کات کرا و بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
 
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەحمەد شەرع لە کانوونی یەکەمی 2024دا فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرووپە چەکدارانەی دەرکرد کە بەشدارییان لە گۆڕینی دەسەڵات کردبوو، لەوانەش دەستەی تەحریری شام. 
 
ساڵی 2025، ئەحمەد شەرع لەرێگەی رەشنووسێکی پێشنیازکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لیستی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لادرا. بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنەکەش بە تەواوەتی سزاکانی سەر گرووپە هەڵوەشاوەکەی کۆتایی پێ هێنا.