سووریا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شەش وڵاتی عەرەبی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن دەکات و رایدەگەیێنێت، دیمەشق هاوسۆزی تەواوی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە.
رۆژی شەممە، 28-02-2026، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "دەستدرێژییانەی ئێران" دەکەن کە سەروەری و ئاسایشی هەریەکە لە وڵاتانی (عەرەبستانی سعودی، ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، کوێت و ئوردن)یان کردووەتە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سووریادا هاتووە، "کۆماری عەرەبیی سووریا هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ ئەو وڵاتە دۆستانە دەردەبڕێت کە رووبەڕووی ئەم دەستدرێژییە ستەمکارانە بوونەتەوە و جەخت لەسەر رەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولای هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییان دەکاتەوە."
دیمەشق بە پێویستی دەزانێت رێز لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی ئەو وڵاتانە بگیرێت و رایگەیاندووە، "سووریا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی گفتوگۆ و دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەیە بۆ کێشەکانی ناوچەکە، بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو گەلان."