بەهۆی گرانبوونی نرخەکەی، هەڵمەتی بایکۆتکردنی مریشک لە سووریا دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانان و دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی مریشک بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند، کە لە رۆژی هەینییەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکەی.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە توانای کڕینی هاووڵاتییانی سووریا دابەزیوە و داوای کەمکردنەوەی نرخ و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان دەکرێت.
سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە داوایانکردووە، هاووڵاتییان بە تەواوەتی خۆیان لە کڕینی مریشک و بەرهەمەکانی لە سەرجەم ناوچەکانی سووریا بەدووربگرن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ گوشار خستنەسەر بازرگان و دابینکاران بۆ پێداچوونەوە بە نرخەکاندا، کە بە "ناڕەوا" وەسفیان کردووە.
نرخی یەک مریشکی گەورە لە بازاڕەکانی سووریا کە نزیکەی 2.5 کیلۆیە، گەیشتووەتە نزیکەی 2.9 دۆلار [35815 لیرە]، لە کاتێکدا نرخی دەستەیەک ران و باڵ گەیشتووەتە نزیکەی 3.5 دۆلار [43225 لیرەی سووری]. نرخی سینگی مریشکیش نزیکەی 5.6 دۆلاری [69000 لیرەی] تۆمارکردووە.
بەگوێرەی بەشداربووانی هەڵمەتەکە، نرخەکان چیدیکە لەگەڵ داهاتی خێزانەکاندا ناگونجێن، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی هەلی کار و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، ئەمەش وایکردووە مریشک، کە پێشتر بە یەکێک لە هەڵبژاردە هەرزانەکان دادەنرا بەراورد بە گۆشتی سوور، لە دەرەوەی توانای کڕینی بەشێکی زۆری دانیشتووان بێت.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی سووریا شەپۆلێکی گشتیی گرانبوونیان بەخۆوە بینیوە، کە تەنیا پەلەوەرەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زۆربەی مادە خۆراکییە سەرەکییەکانیشی گرتووەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لیژنەی نیشتمانیی هاوردە و هەناردەکردن لە سووریا، ماوەی رێگەدان بە هاوردەکردنی مریشکی زیندووی تاوەکو کۆتایی مانگی نیسانی ئەم ساڵ درێژکردەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، رێگە بە هاوردەکردنی مریشکی زیندوو دەدرێت تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو، هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ راسپێردراوە کە هەموو رێکارە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بگرێتەبەر.