سوپای سووریا: هێرشێکی درۆنیمان بۆ سەر بنکەی تەنەف تێکشکاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای سووریا رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیان داوەتەوە بۆ سەر بنکەی ستراتیژیی "تەنەف" لە سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، عێراق و ئوردن.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سووریا، رۆژی شەممە 28ی ئاداری 2026 رایگەیاند، درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابوون، بە مەبەستی لێدانی بنکەی تەنەف، کە دیمەشق لە مانگی شوباتی رابردوودا لە هێزەکانی ئەمریکای وەرگرتبووەوە. دەشڵێت، "ئەم هێرشە سەروەریی نوێی سووریا لەو ناوچەیە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بەرامبەر گرووپە چەکدارە فرە نەتەوەکان."
بەرەبەیانی ئەمڕۆش، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە دیمەشق و دەوروبەری بیستران، کە دواتر دەرکەوت بەهۆی تێکشکاندنی مووشەکی ئێرانی بووە لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە لە ئاسمانی سووریادا.
لە بەرەی لوبنان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت بە چڕی بەردەوامن، هاوکات لەگەڵ پێشڕەویی زەوینیی سوپای ئیسرائیل بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو.
لە عێراقیش رۆژانە بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکان دەکرێنە ئامانج و تاوەکو ئێستا چەند سەرکردەیەک و دەیان ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون و بریندار بوون.