هێزەکانی سووریای دیموکرات کەمتر لە 30 کیلۆمەتر لە رەققەوە دوورن

رووداو- ئاژانسەکان 

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققەی پایتەختی داعشدا بەردەوامن لە پێشڕەوی و هێزە تایبەتییەکەی ئەمریکاش رۆڵێکی گەورە لە شەڕەکەدا دەگێڕێت. 


هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە تایبەتییەکەی ئەمریکا گەیشتوونەتە گوندی فاتیسا و ئەمەش واتای ئەوەیە ئێستا ئەو هێزانە تەنیا 29 کیلۆمەتر لە شاری رەققەوە دوورن. 

فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بە ناوی هاوکار کۆبانێ ئاشکرایکرد کە: "هێزە تایبەتییەکەی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا رۆڵێکی چالاک دەگێڕێت". 

هاوکار کۆبانێ رایگەیاند "ژمارەیەک لە سەربازە ئەمریکیەکان چەکی دژە تانکیان پێیە و ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوانە دەتەقێننەوە کە لەلایەن داعشەوە رەوانەی سەنگەرەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرێن". 

ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە لە رۆژی 24ی ئەم مانگە دەستی پێکرد و لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوویشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە چەندین گوند کۆنترۆڵ بکەنەوە و پێشڕەوی باشیش بکەن. 

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژی 24-5-2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققەیان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دەستپێكرد.

هێزەكانی سووریای دیموكرات بەو هێزانە دەگوترێ كە هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە و پتر بە عەلمانی ناسراون، یەكینەكانی پاراستنی گەل كە هێزێكی كوردییە و بە (یەپەگە) ناسراوە، سەركردایەتی ئەو هێزانە دەكات كە هێزی ئاسایشی سریانەكان (سوتورۆ) و سەنادیدی سوننە عەرەبەكان و گرووپی عەشیرەتەكان لەخۆدەگرێت. ئەم هێزانە لەلایەن ئەنجوومەنێكی سەربازیی 6 كەسی سەركردایەتی دەكرێن و لە 50 هەزار چەكدار پێكدێن.

رووبەری شاری رەققە 640 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ساڵی 2011 ژمارەی دانیشتووانی 220 ھەزار کەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتووانی بۆ 120 ھەزار کەس  کەمبووەتەوە، ناوەندە ھەواڵییەکانی سووریا دەڵێن ژمارەی راستەقینەی دانیشتووانەکەی پێش کۆنترۆڵکردنی لەلایەن داعش 650 ھەزار کەس بووە.

داعش لە رۆژی 29-6-2014 بەفەرمی خەلافەتی ئیسلامی لە رەققە راگەیاندن، لە رۆژی 23-9-2014 ھێزەکانی ھاوپەیمان یەکەم ھێرشی ئاسمانیان بۆ سەر رەققە دەستپێکرد.