سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا: لە خۆپێشاندانی عەلەوییەکاندا 2 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا دەڵێن، ئەمڕۆ عەلەوییەکان لە ژمارەیەک پارێزگای سووریا خۆپێشاندانیان کرد و لە ئەنجامی ئەو گرژییانە کە دروستبوو 2 کەس کوژران.
رۆژی یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، عەلەوییەکانی سووریا لە شاری لازقییە خۆپێشاندانیان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر تەقینەوەکەی حمس کە دوو رۆژ پێشتر بووە هۆی کوژرانی 8 کەس لەو پێکهاتەیە.
هێرشەکە کە لە ناوچەیەکی عەلەوییەکان لە شاری حمس روویدا، نوێترین زنجیرە هێرش بوو بۆ سەر ئەو پێکهاتە ئاینییە کە چەندین جار رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 کە خۆیشی سەر بەو پێکهاتەیە بوو.
هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرا و دەستوەردانیان کرد بۆ راگرتنی گرژییەکان لەنێوان خۆپێشاندەران و دژەخۆپێشاندەران. بەڵام بە گوێرەی ژمارەیەک لە سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەو هێزانە تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سووریا ئەوەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە، بەڵام دەڵێن، "دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە" و خۆپێشاندەرانیان بە پاشماوەکانی سەر بە حکومەتی پێشووی سووریا دانا.
شاری حمس کە تەقینەوەکەی تێدا روویدا، زۆرینەی سوننەیە، بەڵام چەند ناوچەیەکی تێدایە کە زۆرینەیان عەلەوین. ئەم پێکهاتەیە زیاتر لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس لە کەناراوەکان نیشتەجێن.