ئەندامێکی رابیتەی عەلەوییەکانی سووریا: ئەمڕۆ 8 خۆپیشاندەر کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 28ی مانگ، تەقینەوە لە مزگەوتێکی عەلەوییەکانی شاری حمسی سووریا روویدا. ئەم رووداوە عەلەوییەکانی نیگەران و تووڕە کرد. مەرجەعەکەیان رۆژی 27ی مانگ، 24 کاژێری دیاریکرد بۆ دەسەڵاتی سووریا بۆ ئەوەی چارەنووسی عەلەوییەکان دیاری بکرێت، بەڵام وادەکە کۆتاییهات و خۆپیشاندان لە حمس و لازقیە و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستیپێکرد.
لە کاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتێکی شاری حمس، کەسێکی نەناسراو خۆی کردە نێو نوێژخوێناندا و چەند تەقینەوەیەک روویاندا. بەهۆیەوە 8 کەس کوژران و 22ی دیکەش بریندار بوون.
تەقینەوەکە لەنێو مزگەوتی "ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب" روویدا، لەکاتێکدا نزیکەی 150 کەس بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئامادە بوون، لە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆ.
ئیمامی مزگەوتەکە: لە مزگەوتی سوننەکانیش تەقینەوە دەکەن بۆ ئاژاوە نانەوە
محیەدین سەلوم، گوتارخوێنی ئەو مزگەوتەیە کە تەقینەوەکەی تێدا کرا. لەبارەی رووداوەکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "ئەمە مزگەوتی عەلەوییەکانە، بەڵام هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە، سوننە مەزهەبەکانیش لای ئێمە نوێژ دەکەن و منیش لە مزگەوتی ئەوان نوێژم کردووە."
گوتارخوێنەکە باسی ساتەوەختی تەقینەوەکەی کرد و گوتی: "دەنگی تەقینەوەکە بەهێز بوو، سەرەتا حەپەساین تاوەکو تێگەیشتم تەقینەوە روویداوە و خەڵک رایانکرد."
لە رێوڕەسمێکدا تەرمی قوربانییانی تەقینەوەکە بەخاکسپێردران. شێخ محیەدین لە رێوڕەسمەکەدا قسەی بۆ عەلەوییەکان کرد و گوتی: "دوێنێ لە مزگەوتی ئیمام عەلی لێرە تەقینەوەیان کرد بۆ ئەوەی تووڕەیی عەلەوییەکان بورووژێنن، بۆ ئەوەی ئاژاوە بنێنەوە. دوای چەند رۆژێکی دیکەش لە شوێنێکی دیکە تەقینەوە دەکەن، لە مزگەوتێکی برا سوننەکانمان، لە گۆڕەپانێکی کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بگوترێت عەلەوییەکان تۆڵەیان کردووەتەوە، بەو شێوەیەش ئاگری فیتنەیەک هەڵدەگیرسێنن کە ئێمە تێیدا دەبین بە سووتەمەنی."
محیەدین سەلوم گوتیشی: "تکایە، تکایە، هەموو هەوڵێکتان بدەن کە عەقڵ، هێمنی و ئارامی زاڵ بێت و، نەڕۆین بۆ ئەو لایەی کە دوژمنانی نیشتمان دەیانەوێت."
کۆتاییهاتنی وادەی عەلەوییەکان بۆ دەسەڵاتی سووریا
دوای تەقینەوەکەی حمس، مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە بەرچاوی جیهانەوە بە سیستماتیک شەڕی قڕکردنمان دەکرێت."
شێخ غەزال غەزال گوتی، "ئەوەی ئەمڕۆ تێیدا دەژین، رووداوێکی ئاسایی نییە و پشێوییەکی بێسەروبەر نییە، بەڵکو شەڕێکی قڕکردنی سیستماتیکە بە بەرچاوی جیهانەوە."
مەرجەعی باڵای عەلەوییەکانی سووریا، کە گوتارەکەی لە رۆژی شەممە پێشکێشکرد، یەک رۆژ دەرفەتی بە دەسەڵاتی ئێستای سووریا دا و گوتی، "ئێمە شەڕی ناوخۆمان ناوێت، جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە؛ شەڕی ناوخۆمان ناوێت، ئێمە فیدڕاڵییەتێکی سیاسیمان دەوێت. ئێمە تیرۆری ئێوەمان ناوێت، مافی خۆمانمان دەوێت لە دیاریکردنی چارەنووسماندا. وادەی ئێمە سبەیە، لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 5:00ی ئێوارە، یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەم."
دەستپێکردنی خۆپیشاندان و کوژرانی سێ کەس
کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەو وادەیە کۆتاییهات کە شێخ غەزال غەزال بۆ دەسەڵاتی سووریای دیاری کردبوو. دوای وادەکە، عەلەوییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
خۆپیشاندانەکەی شاری حمس، سەری کێشا بۆ تووندوتیژی. هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرا و دەستوەردانیان کرد بۆ راگرتنی گرژییەکان لەنێوان خۆپیشاندەران و دژەخۆپیشاندەران. بەڵام بە گوێرەی ژمارەیەک لە سەرچاوە خۆجێیەکان، ئەو هێزانە تەقەیان کردووە و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و دەوروبەری 60 کەسی دیکە بریندار بوون.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی سووریا ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە، بەڵام دەڵێن، "دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە" و خۆپیشاندەرانیان بە پاشماوەکانی سەر بە حکومەتی پێشووی سووریا دانا.
شاری حمس کە تەقینەوەکەی تێدا روویدا، زۆرینەی سوننەیە، بەڵام چەند ناوچەیەکی تێدایە کە زۆرینەیان عەلەوین. ئەم پێکهاتەیە زیاتر لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس لە کەناراوەکان نیشتەجێن.
یەکێک لە کوژراوان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەواڵی کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و برینداربوونی چەند ئەندامێکی دیکەی راگەیاند.
وەزارەتەکە دەڵێ: "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانییاندا بۆ پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی ئەمنیەت بۆ خۆپیشاندانەکان لە پارێزگای لازقیە تووشی ئەو پەلامارە بوون."
وەزارەتی ناوخۆی سووریا هۆشداری بە خۆپیشاندەران دەدات و دەشڵێت: "ئەم تاوانە ناپاکییە نامانوەستێنێت لە بەردەوامبوون لەسەر ئەرکی خۆمان بۆ پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتیان، بە تۆکمەیی و پێداگرییەکەوە بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی تێوەگلاوان و رادەستکردنیان بە دادگە تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن."
"هێزە ئەمنییەکان دوو کەسیان کوشتووە"
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوورییە بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو لەبارەی رووداوەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "هێزە ئەمنییەکان دوو کەسیان لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکەی شاری لازقیە کوشتووە."
دواتر ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) لە زاری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی لازقیەوە بڵاویکردەوە: "سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 60 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمە لە ئەنجامی هێرشی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو بووە بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی سڤیل لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شارەکەدا."
ئاسایشی لازقیە: کەسانی نادیار تەقەیان لە هێزی ئەمنی و خۆپیشاندەران کردووە
عەمید عەبدولعەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ لە لازقیە رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکانمان و خۆپیشاندەران لە لایەنێکی نادیارەوە رووبەڕووی تەقەکردنی راستەوخۆ بوونەتەوە"، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی سڤیل و ئەندامانی ئاسایش.
ئەندامێکی رابیتەی عەلەوییەکان: لانیکەم هەشت خۆپیشاندەر "شەهیدکراون"
ئەلینا بەرەکات، ئەندامی ئەمیندارێتیی گشتیی رابیتەی عەلەوییەکانی سووریایە، ئەو لەبارەی رووداوەکانەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "خۆپیشاندانەکە دوای ئەو وادەیە هات کە شێخ غەزال غەزال دیاریکرد بۆ دەسەڵاتی سووریا، کە ئەوەش لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە بوو کە لە مزگەوتی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب کە لە گەڕەکێکی زۆرینە عەلەوی روویدا."
لەبارەی داخوازیی عەلەوییەکان و قوربانییانی خۆپیشاندانەکانەوە گوتی: "خەڵک داوای مافی خۆیان دەکەن، حکومەتی دیفاکتۆ بەبێ گوێدانە داوای خەڵک هێرشیان کرد و بەداخەوە ژمارەیەک خەڵک کوژران و بریندار بوون، لانیکەم هەشت کەس شەهیدکراون و ژمارەیەکی زۆر برینداریش هەن."
ئەلینا دەڵێت: "حکومەتی دیفاکتۆ دەیەوێ بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ پێشێلکارییەکانی، بۆیە عەلەوییەکان تۆمەتبار دەکات، ئەمە ساڵێکە پێشێلکاری لە سووریا بەردەوامە و عەلەوییەکانیش بە شێوازێکی ئاشتییانە داوای مافی خۆیان دەکەن."
ئەو ئەندامەی ئەمیندارێتیی گشتیی رابیتەی عەلەوییەکانی سووریا گوتیشی: "ئێمە داوای پاراستنی میللەتەکەمان دەکەین، کە زیاتر لە دوو هەزار عەلەوی بە تۆمەتی پاشماوەی رژێمی پێشوو لە زیندانن کە ئەمە تەنیا بیانووە و ئەوانە هیچ گرفتێکیان لەگەڵ حکومەتی دیفاکتۆدا نەبووە و نیازپاکی خۆیان نیشانداوە."
ئیلیاس حەداد: بە ئۆتۆمبێل و چەقۆ و بڕەڕ هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەران
ئیلیاس حەداد، چالاکڤان لە شارۆچکەی جەبلێ لە سووریا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، هەزاران کەس بەشێوەی ئاشتییانە چوونە سەر شەقام و داوای فیدراڵی و ئازادکردنی زیندانییانیان کرد کە "بە هۆکاری تائیفی گیراون"، بەڵام "بە هێرشی ئۆتۆمبێل، چەقۆ، بڕەڕ و دار و بەرد، وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و هێرشیان کردە سەریان، گەمارۆیان دان".
ئیلیاس حەداد دەڵێ: "خۆپیشاندان لە کەنارەکانی سووریا، حمس، تەرتووس، گوندەواری تەرتووس، لازقیە، گوندەواری لازقیە، جەبلێ و دەوروبەری، قەرداحە و هەندێ ناوچەی حەما بەڕێوەچوون. شەهیدێک لە جەبلە و شەش شەهید لە لازقیە هەن، هەڵمەتێکی رەشبگیریش دەستیپێکردووە لە دژی خۆپیشاندەران، ئەو خۆپیشاندەرانەی کە خەڵکێکی هەژار و بێتاوانن. کە چەکیان نییە و چەکدارەکان هەموویان سەر بە دەسەڵات بوون."
کێشەی عەلەوییەکان چییە؟
عەلەوییەکان، زیاتر 9٪ی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن، بەو پێیەی بەشار ئەسەد عەلەوییە، بە لایەنگر و کەسی نزیکی ئەو دادەنرێن.
ئەوان دان بەم حکومەتە راگوزەرەی ئێستای سووریادا نانێن و داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن.
"تیرۆر دەکرێین و ژنەکانمان دەڕفێنرێن"
شێخ غەزال غەزال دەڵێت: "ئەم دەسەڵاتە [حکومەتی ئێستای سووریا] هیچ جۆرە تاوانێک نەماوە کە بەرامبەرمانی نەکردبێت؛ لە پەرستگەدا دەکوژرێین، لە ماڵەکانماندا سەردەبڕدرێین، لە کار و کەسابەتماندا تیرۆر دەکرێین، تەنیا لەبەر ئەوەی هەوڵ دەدەین نان بۆ منداڵەکانمان پەیدا بکەین. پیاوەکانمان راپێچی زیندانەکان دەکرێن و ژنەکانمان بێ هیچ رێگرییەک دەڕفێندرێن."
بە گوتەی غەزال غەزال، ئەوەی روودەدات ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان نییە، "بەڵکو نموونەیەکە لەوەی نازییەکان دژی جووەکان کردی؛ کوشتنە لەسەر ناسنامە، کە ئامانجی شکاندنی ئیرادە و سەپاندنی تەسلیمبوونە بە زەبری هێز."
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمە سیاسەتێکی قێزەونە بە زۆر بەرەو تووندوتیژیمان دەبات، بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان ستەمکار و ستەملێکراو ون ببێت، تاوەکو مەزڵوومییەت بشێوێندرێت و بکرێتە تاوان، بۆ ئەوەی خوێنی رژاو وەک سووتەمەنی بۆ کۆمەڵکوژی نوێ بەکاربهێنرێت."