ڤیکتۆریا تەیلەر بۆ رووداو: هەسەدە لەژێر گوشاردایە بۆ رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق
رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆریا تەیلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خوازیارە بە زووترین کات هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، ئەوەش وایکردووە گوشارێکی زۆر بخرێتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تاوەکو لەگەڵ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع بگەنە رێککەوتن.
تەیلەر ئاماژەی بەوە کرد، بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان لە پاراستنی ئاگربەستدایە، بەڵام "ئاگربەست بە تەنیا بەس نییە." تەیلەر گوتی: "گرنگترین رێگە بۆ پاراستنی ئاگربەست، گەیشتنە بە رێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە و سوپای سووریا و دیاریکردنی ئەوەی کە چۆن مافەکانی کورد لە دەوڵەتی نوێی سووریادا دەپارێزرێن."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا، ئێستا گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان دیمەشق و سەرکردایەتیی هەسەدەدا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتوو هەیە.
تەیلەر گوتی: "زۆر گرنگ دەبێت ئاستێک لە ناناوەندێتی بپارێزرێ کە رێگە بدات کورد کۆنترۆڵی نێوخۆیی خۆی هەبێت، لەگەڵ پاراستنی مافە کولتووری و پەروەردەییەکان، وەک خوێندن بە زمانی کوردی."
لەبارەی سیاسەتی واشنتن، ڤیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای پشتگیریی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بۆ کورد و رۆڵی هەسەدە لە شەڕی داعش، ئاراستەی کۆشکی سپی بەرەو کشانەوەیە.
تەیلەر تیشکی خستە سەر رۆڵی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، کە هاوکات باڵیۆزی وڵاتەکەیەتی لە تورکیا و گوتی: "ئێمە گەیشتووینەتە قۆناخێک کە ئیدارەی ترەمپ زۆر پەلەیەتی بۆ کشانەوەی هێزەکان، هەربۆیە گوشارێکی زۆر لەسەر هەسەدە دروستکراوە بۆ رێککەوتنێک کە کشانەوەی ئەمریکا ئاسان بکات."
تەیلەر باسی لەوە کرد، یەکێک لە نیشانەکانی نزیکبوونەوەی کشانەوەی ئەمریکا، دۆسیەی زیندانیانی داعشە. یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا کرد بۆ گواستنەوەی نزیکەی 7000 زیندانی لە سووریاوە بۆ عێراق و گوتی: "ئەم هەنگاوە پشتگیری لەو بڕیارەی ئەمریکا دەکات کە زووتر بکشێتەوە نەک درەنگتر." هەروەها ئەیلوولی 2026ـی وەک کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە ناوچەکە باسکرد.
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو، ڤیکتۆریا تەیلەر تیشکی خستە سەر کەسایەتیی ترەمپ و بڕیارەکانی و گوتی: "هەرچەندە ترەمپ دەتوانێ رای خۆی بگۆڕێ، بەڵام ئێستا زۆر بە روونی پاڵپشتی لە سەرۆک (ئەحمەد) شەرع دەکات."