هەسەدە: سێ چەکداری داعش لە حەسەکە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعشیان لە گەڕەکەکانی غوێران و نەشوەی شاری حەسەکە کۆتایی پێهێناوە و سێ چەکداریان دەستگیرکردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی هەسەدە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، "شانە نووستووەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە چەکی سووک و مامناوەند هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان لە گەڕەکەکانی غوێران و نەشوە، دواتریش هێزەکانی هەسەدە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و راوەدوونان کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە دەستگیرکردنی سێ چەکداری ئەو شانە نووستووانەی داعش کۆتایی هاتووە کە هێرشەکەیان ئەنجامدا.
 
هەسەدە داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن و لە کاتی بینینی هەر جموجووڵێکی گوماناویدا هێزە ئەمنییەکان ئاگاداربکەنەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەردەوامبوونی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
 
لە ناوچەی غوێرانی حەسەکە زیندانێک هەیە کە چەکدارە پێشووەکانی رێکخراوی داعشی تێدایە.