46 خێزان لە کامپی عەریشەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

رووداو دیجیتاڵ

46 خێزانی نیشتەجێبووی کامپی عەریشە، لە چوارچێوەی 'گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان' گەڕانەوە زێدی خۆیان.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کامپی عەریشە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەشتەمین کاروانی ئاوارەکانی کامپی عەریشەی گەڕاندەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانیان لە پارێزگای دێرەززوور، کە بە چاودێریی دەزگای کاروباری کۆمەڵایەتی و کار و کۆمیساری کاروباری پەنابەران، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە جێبەجێ کرا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژە بە ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە دەکات کە ویستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ ناوچە رەسەنەکانیان هەیە.
 
ئەمە هەشتەمین کاروانە کە بەڕێوەبەرایەتیی کامپی عەریشە بەڕێیان دەکات و ژمارەی خێزانەکان 46 خێزانن کە 193 کەس لەخۆدەگرێت.
 
کامپی عەریشە بە دووری 25 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری شاری حەسەکە و یەکێکە لە گەورەترین کامپەکانی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
 
لە کامپەکەدا هەزاران ئاوارە نیشتەجێن کە زۆربەیان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی سووریان، ئەوانەی لە ساڵانی رابردوودا لە ئەنجامی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئاوارە بوون.