هەسەدە: چەکدارانی سەر بە دیمەشق هێرشیانکردە سەر هێزەکانمان لە نزیک بەنداوی تشرین

رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا هێرشیانکردوەتە سەر هێزەکانیان لە نزیک بەنداوی تشرین و لە ئەنجامدا سێ شەڤان بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، هەسەدە بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ کاژێر 4:00ی دوا نیوەڕۆی تەواو، چەکدارانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە تۆپ و چەکی قورس هێرشیانکردە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک بەنداوی تشرین". 
 
هەسەدە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا "سێ لە شەڕڤانانمان بریندار بوون". 
 
بەنداوی تشرین بە دووری 90 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب دروستکراوە، بەرزییەکەی نزیکەی 40 مەترە و شەش تۆڕباینی کارەبای هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی 630 مێگاوات کارەبایان هەیە. ئێستا بەنداوەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتە. 
 
رۆژی هەینی 26ی ئەم مانگە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویانکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تۆپخانە هێرشێکی تووندیان کردوەتەوە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب.
 
لەبارەی هەمان رووداو، عەقید محەمەد عەبدولغەنی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حەلەب رایگەیاند: "لە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنە واژۆکراوەکاندا"، نیشانەشکێنەکانی هەسەدە کە لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب بڵاوەیان پێکراوە و "یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیان کردە ئامانج، لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە رێکخستنی هاتووچۆی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی مەدەنییەکان."