راپۆرتێک: هەسەدە %80ی ناوچەکانی لەدەستداوە و مەترسیی هێرشی هۆزە عەرەبەکان لەئارادایە

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (MEI) لە راپۆرتێکی شیکاریدا کە لەلایەن چارڵز لیستەر نووسراوە دەڵێت، شکستی گفتوگۆکانی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا، بووەتە هۆی لەدەستدانی %80ی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن بەرەو ئەو باوەڕە دەچێت کە حکومەتی دیمەشق لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا لە هێزە نادەوڵەتییەکان سەرکەوتووترە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، شکستی گفتوگۆکانی تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای عەرەبی سووریا کە بۆ ماوەی 10 مانگ بە ناوبژیوانیی ئەمریکا بەردەوام بوون، بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و لەدەستدانی نزیکەی %80ی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی هەسەدەدا بوون.
 
سەبارەت بە وردەکاریی دۆخی ئێستای ناوچەکە، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست بە ناوبژیوانیی ئەمریکا، دۆخەکە هێشتا ناسکە و پێکدادان لە گوندەوارەکانی کۆبانێ و قامیشلۆ بەردەوامە، هاوکات حکومەتی دیمەشق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازەی سنووریی سێمالکا بە ئامانجی رێگری لە گەیشتنی خۆبەخشە کوردەکان بۆ ناوچەکە. 
 
بەگوێرەی پەیمانگاکە، لە رووی سیاسی و بڕیاردانەوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەژێر گوشارێکی توونددایە، بەجۆرێک باڵە تووندڕۆکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رێگرن لەوەی مەزڵووم عەبدی پابەندی رێککەوتنەکانی تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دیمەشق بێت، چونکە ئەم هەنگاوە بە کۆتاییهاتنی پڕۆژەکەیان لە سووریا دەزانن. 
 
لەسەر ئاستی مەیدانی و پێکهاتەکان، راپۆرتەکە هۆشداری دەدات لە مەترسیی میلیشیا عەرەبەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی %70ی هێزە عەرەبەکانی ناو هەسەدە جیابوونەوە و پەیوەندییان بە حکومەتەوە کرد. ئێستا مەترسیی ئەوە هەیە ئەگەر هەسەدە لە حەسەکە نەکشێتەوە، هۆزە عەرەبەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ دیمەشق هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، کە ئەمەش بەهۆی دۆسیەی هەستیاری بوونی زیاتر لە 900 دەستبەسەرکراوی عەرەبە لای هەسەدە بە تۆمەتی لایەنگریی حکومەت، کە هۆزەکان هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن ئەگەر ئازاد نەکرێن.
 
وەکو پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەراست باسی دەکات، حکومەتی سووریا دەستی بەسەر 10 کێڵگەی گەورەی نەوت و گازدا گرتووە کە پێشتر لەژێر دەستی هەسەدەدا بوون و %77ی داهاتی ئیدارەی خۆسەریان پێکدەهێنا.
 
لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەڵەب، دوای کۆنترۆڵکردنەوەیان لەلایەن حکومەتەوە، پڕۆسەی چاککردنەوەی خزمەتگوزارییەکان دەستیپێکردووەتەوە و %90ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە. 
 
پەیمانگاکە ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2025دا بە رێژەی %50 کەمی کردووە و واشنتن گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز باشتر دەتوانێت رووبەڕووی ئەو رێکخراوە ببێتەوە وەک لە هێزێکی نادەوڵەتی.