بەریتانیا: رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری


رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا پاڵپشتیی بەهێزی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و بە هەنگاوێکی "بنچینەیی و گرنگ"ی دانا بۆ گەیشتن بە سووریایەکی "سەقامگیر و یەکگرتوو."

لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لەسەر زاری هامیش فاڵکنەر، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "بەریتانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکات سەبارەت بە تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو."

فاڵکنەر دەڵێت، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ پاڵپشتیکردنی سووریا، لەنێویاندا لە رێگەی پێشکێشکردنی هاوکارییە ژیانپارێزەکان."

رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی راگەیێندرا، دوای چەند هەفتەیەک لە شەڕی سەخت لە رۆژئاوی کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دێت و تەواوکەری ئەو ئاگربەستەیە لە سەرەتای ئەم مانگەدا راگەیێندرابوو.

خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:

• راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و گشتگیر.

• کشانەوەی هێزەکان لە هێڵەکانی بەریەککەوتن.

• بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە شارەکانی قامشلۆ و حەسەکە.

• تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی شەڕڤانانی هەسەدە بە سوپای سووریا، لەوانەش پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە سێ لیوای هەسەدە پێکهاتووە، لەگەڵ لیوایەکی دیکە لە هێزەکانی کۆبانێ کە سەر بە فیرقەی حەلەب دەبێت.

• تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و کارگێڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دامەزراوە ناوەندییەکانی سووریا. 

• گەرەنتیکردنی مافە کولتووری و پەروەردەییەکانی کورد.

• ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

• رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتی و گازییەکان و زیندانەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش بە دەسەڵاتی دیمەشق.