وەزارەتی ناوخۆی سووریا: 16 ئەندامی ئاسایش لە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، سوپای سووریا لە سێ لاوە چووەتە نێو گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای دیمقەشق. وەزارەتی ناوخۆی سووریاش دەڵێت، 16 ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە.
 
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 30-04-2025ـوە، شەڕ لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە دیمەشق، لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداری ریجالکەرامە کە دروزین بەردەوامە.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، 16 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژراون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن نزیکەی 30 کەس کوژراون.
 
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 رایگەیاند، ''فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ جاری چوارەم سوپای سووریایان لە ناوچەکە بۆردوومان کردووە.''
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئەشرەفییە دەسووڕێنەوە و مەترسیی بۆردوومانکردنی دووبارەی سوپای سووریا هەیە.
 
دروز و کریستییانەکان لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایا دەژین. دڵخواز محەممەد گوتی: ''لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریاوە، بە خەڵکی سڤیل راگەیێندراوە کە گەڕەکەکە چۆڵ بکەن، ئێستا شەڕ لە سەحنایا قورستر بووە''.
 
بۆچی شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و دروزەکان روویدا؟
 
رۆژی 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس، دەمەقاڵێ دەکەوێتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە. کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە (د. خ)؛ دەنگەکە بڵاوکراوەتەوە و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو بە پاساوی ئەو ''بێڕێزی''ـیە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چەند گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانە و ئەشرەفییەی سەحنایا کە زۆرینەی خەڵکی ئەو گەڕەکانە دروزن.
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، گرووپی ریجالکەرامە کە دروزین، لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سووریا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە؛ حکومەت هێزی زیاتری رەوانەی باشووری دیمەشق کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل وەکو پاڵپشتیی دروزەکان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوپای سووریا و بۆردوومانەکەی وەکو ''ئۆپەراسیۆنی هۆشداری'' ناوبردووە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، لەو رێگەیەوە ''پەیامێکی جیدی'' دراوەتە بەرپرسانی باڵای سووریا کە رێگە لە زیانگەیاندن بە دروزەکان بگرێت.