نەتەوە یەکگرتووەکان: تووندوتیژییەکانی سووریا قبووڵنەکراون
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی ئەمڕۆی پارێزگای گوندەواری دیمەشق گوتی: "قبووڵنەکراوە و دەستبەجێ ئارامی بگەڕێنرێتەوە."
رۆژی چوارشەممە 30-04-2025 نووسینگەی گییەر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا رایگەیاند، پیدەرسن زۆر نیگەرانی تووندوتیژی و پێکدادانە تائیفییەکانی نزیک دیمەشق و حومسە، هەروەها نیگەرانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلە لە نزیک پایتەختی سووریا.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشێکی "هۆشداری" کردووەتە سەر سووریا، "لە دژی ئەو گرووپە پەرگیڕانەی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر گەلی دروز ئامادە دەکرد."
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەڕ لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە دیمەشق، لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداری ریجالکەرامە کە دروزین بەردەوامە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، 16 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژراون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن نزیکەی 30 کەس کوژراون.
پیدەرسن داوای کرد "رێوشوێنی دەستبەجێ بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی سڤیلەکان بپارێزرێن، ئارامی بگەرێنرێتەوە و رێگە لە گرژیی زیاتر بگیرێت."
ئەو پێکدادانە دواى ئەوە بوو کە لە 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس دەمەقاڵێ کەوتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە، کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە (د. خ)؛ و وا بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.