هەوڵێک بۆ کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی تورکیا لە دیمەشق هەیە
رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، دوێنێ پێنجشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد، ئەوە بە گوێرەی سەرچاوەیەکی هەواڵی.
پێگەی مۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تورکیا پێشنیازیان کردووە لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی باڵا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی بکەن، بەڵام بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بە ئەنجامی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا گرێدراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تۆم باراک لە پەیوەندییەکەدا مەزڵووم عەبدی دڵنیاکردووەتەوە کە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هەسەدە دژی داعش بەردەوام دەبێت؛ هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدەی هان داوە بەردەوام بێت لە گفتوگۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تورکیا کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەدەچن.
پێگە هەواڵییە ئەمریکییەکە دەڵێت، ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان باراک و مەزڵووم عەبدی بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتن بۆ ئەوەی بتوانێت لە یەک کاتدا هاوئاهەنگییەکی باش لەگەڵ کوردی رۆژئاوای کوردستان و تورکیادا هەبێت، بێ ئەوەی ئەنقەرە لە خۆی بتۆرێنێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، باراک لە دیمەشقەوە پەیوەندی بە فەرماندەی هەسەدەوە کردووە، لە کاتێکدا کە رۆژی پێنجشەممە، یەکەمجار لە 13 ساڵدا ئاڵای ئەمریکای لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی ئەمریکای لەو شارەدا هەڵکرد.
مۆنیتەر لە زاری "سەرچاوە هەرێمییە ئاگادارەکانەوە"دەڵێت، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی هەواڵگریی ئەو وڵاتە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کۆببێتەوە، دوای ئەوەی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە.
سەرچاوەکان، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، رایانگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی باڵای تورکیا بەندە بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەوە کە بڕیارە لە دیمەشق بەڕێوەبچن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرکردایەتیی کورد چەندین جار روونیکردووەتەوە کە دەیەوێت پارێزگاری لە ئۆتۆنۆمیی خۆی بکات و هەسەدە بەم تایبەتمەندی و پێکهاتەیەی کە ئێستا هەیەتی، بمێنێتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی تێکەڵ بە سوپای نیشتمانیی سووریا دەکرێت، وەک ئەوەی لە رێککەوتنی 10ی ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا واژۆکراوە.
مۆنیتەر دەڵێت، شەرع کە لایەنگری سیستمێکی تووندی ناوەندییە، رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پۆلیس و شارەوانییەکانی خۆی بەڕێوەببات، بەڵام رەتیدەکاتەوە ئۆتۆنۆمی بۆ هیچ کام لە پێکهاتەکانی وڵات لە دەستووردا فەرمی بکات.
تورکیای هاوپەیمانی نزیکی شەرع، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە نیشانداوە، ئەوەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە داواکارییە لەمێژینەییەکانی ئەنقەرە کە داوای دەکرد بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە تەواوی هەڵبوەشێندرێتەوە و هەسەدە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەموو چەکەکانی رادەست بکات. ئەم نەرمی نواندنە هاوکاتە لەگەڵ ئەو پرۆسەیە ئێستا لە تورکیا بەڕێوە دەچێت.
دووژمنایەتیی تورکیا بەرامبەر هەسەدە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیوایە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی بڕبڕەی پشتی هەسەدە، لقێکی پەکەکەیە لە سووریا.