هێرشکرایە سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە حەلەب

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "تیرۆریستان" هێرشیان کردە سەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەیان لە حەلەب. 
 
رۆژی شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ژمارەیەک تیرۆریستی چەکدار" هێرشیان کردە سەر کۆنسووڵخانەی ئێران لە حەلەب. دەشڵێت، "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین."
 
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو کارمەند و ستافی کۆنسووڵخانەکە سەلامەتن. 
 
ئێران دوو کۆنسووڵخانەی لە سووریا هەیە، ئەمەیان کەوتووەتە رۆژهەڵاتی حەلەب. 
 
لە رۆژی چوارشەممەوە بارودۆخی نێوخۆی سووریا ئاڵۆزتر بووە، دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر شاری حەلەب و دەوروبەری.
 
 سوپای سووریا پاشەکشەی لە ناوچەکە کرد، بەڵام فڕۆکەکانی سوپاکە و رووسیا دەستیان بە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچانە کردووە. 
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون گەیشتووەتە 327 کەس. 
 
کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووتەوە 100 کەس؛ هەروەها 28 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون، گەیشتووەتە 327 کەس. کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووتەوە 100 کەس؛ هەروەها 44 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.