ئەنەکەسە داوای دەوڵەتێکی فیدراڵی و کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستن دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی سووریا خەستەڕوو. ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سووریا لە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چاوەڕوانی دەوڵەتێکی دیموکرات، فرەخواز و دادپەروەرن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کە زۆرینەیان عەلەوین لەم دواییانەدا شایەتی جووڵانەوەی مەدەنی و ئاشتییانە بوون بۆ داواکردنی سیستمی فیدراڵی و باشترکردنی بژێویی ژیان و گەڕانەوەی ئەو فەرمانبەرانەی بە ناحەق دەرکراون."
 
ئەنجوومەنەکە رەخنە لە مامەڵەی تووندی هێزە ئەمنییەکان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، "دەبوو لە رێگەی دیالۆگەوە وەڵامی داواکارییەکان بدرایەتەوە نەک بە تووندوتیژی."
 
رۆژی یەکشەممە، عەلەوییەکانی سووریا لە شاری لازقییە خۆپێشاندانیان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر تەقینەوەکەی مزگەوتی ئیمامی عەلی لە حومس کە دوو رۆژ پێشتر ببووە هۆی کوژرانی 8 کەس لەو پێکهاتەیە. 
 
بە گوێرەی بەڕێوەبەرییەتی تەندروستیی پارێزگای لازقییەی سووریا، بەهۆی گرژییەکانەوە سێ کەس کوژران و 60ی دیکەش بریندار بوون. 
 
هێرشەکە لە ناوچەیەکی عەلەوییەکان لە شاری حومس روویدا، نوێترین هێرش بوو بۆ سەر ئەو پێکهاتە ئاینییە کە چەندین جار رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە، لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 کە خۆیشی سەر بەو پێکهاتەیە بوو.
 
هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد وێڕای شەرمەزارکردنی تووندوتیژی لە هەر لایەکەوە بێت، نیگەرانی پیشاندا لەوەی کە هەوڵ هەبێت بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی یان قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ مەرامی دیکە. 
 
هەروەها ئاماژەی بە رووداوەکانی پارێزگای سوەیدا و بەردەوامیی گەمارۆی سەر گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) لە حەلەب کرد، وەک نیشانەیەک بۆ شکستی سیاسەتی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی داواکارییەکانی خەڵک.
 
22ـی ئەم مانگە، شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی دیمەشق دروستبوو، دوای نزیکەی 5 کاژێر پێکدادان و گیانلەدەستدانی ئافرەتێک و برینداربوونی 19 سڤیل، شەڕەکە راگیرا.
 
پرسی کورد و دیالۆگی سیاسی
 
سەبارەت بە پرسی کورد، ئەنەکەسە نیگەرانی دەربڕی لە چەقبەستوویی پڕۆسەی دیالۆگ و جەختی کردەوە کە دەبێت رێڕەوی سیاسی چارەسەری پرسی کورد، لە رێککەوتنە ئەمنی و سەربازییەکان جیا بکرێتەوە، بەتایبەتی رێککەوتنی (10ی ئازار)ی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی دیمەشق.
 
روانگە بۆ داهاتوو
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد دووپاتی کردەوە کە چارەسەری سووریا "ئەمنی" نییە، بەڵکو پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی گشتگیرە. 
 
"ئەم چارەسەرە دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانانی دەستووری بە فرەنەتەوەیی و فرەئایینی سووریا بێت و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ناناوەندی گەرەنتی مافی هەمووان بکات و کۆتایی بە تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا بهێنێت، تاوەکو رێگری لە گەڕانەوەی دیکتاتۆرییەت بکرێت."