ماکرۆن بۆ ئەحمەد شەرع: پشتگیری لە رێککەوتنی حکومەت و هەسەدە دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرککۆماری فەرەنسا و سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ماکرۆن پیرۆزبایی لە شەرع کردووە بەبۆنەی رێککەوتنیان لەگەڵ هەسەدە و رایگەیاندووە، "پێویستە جێبەجێ بکرێت."
شەممە 31ی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتی کۆماری سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە. لەو پەیوەندییەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە گەنگەشە کران و جەخت لە گرنگیی پشتگیریکردنی رێڕەوی سیاسی و چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا کرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە پەیوەندییەکەدا باس لە "رێککەوتنی گشتگیر"ی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کراوە. ئیمانوێل ماکرۆن پیرۆزبایی خۆی بۆ ئەم رێککەوتنە دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە جێبەجێ بکرێت بە جۆرێک کە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا بپارێزێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە پابەندیی وڵاتەکەی کردووە بۆ بەردەوامبوونی هاوئاهەنگییەکان لەپێناو پشتگیریکردنی سووریا و گەلی سووریا.
ماکرۆن دووپاتیکردووەتەوە کە فەرەنسا هاوکار دەبێت لە قۆناخەکانی چەسپاندنی سەقامگیری، دادپەروەری و پرۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا.