وەزیری راگەیاندنی سووریا: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری راگەیاندنی سووریا دەڵێت، گفتوگۆی ناراستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە چەند پرسێک هەیە و پێشڤەچوونیش لەو گفتوگۆیانەدا دروستبووە.
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە حەمزە مستەفا، وەزیری راگەیاندنی سووریا بۆ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
وەزیری راگەیاندنی سووریا دەڵێت، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و لە بەرەو پێشچووندان. دەشڵێت، سەرنجی گفتوگۆکان لەسەر رێککەوتننامەی ساڵی 1974ـی نێوانیانە کە ئامانج لێی رێگرییە لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان تەلئەڤیڤ و دیمەشق.
ئەو گوتانەی وەزیری راگەیاندنی سووریا دوای ئەوە هاتن کە شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی چەند پێگەیەکی لە تەرتوس و لازقییە کرد. بە گوێرەی میدیای فەرمی سووریا، پێگەکان سەربازی بوون و بەشێکیان نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بوون.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، بۆردوومانەکانی پارێزگای تەرتوس بۆ سەر ناوچەی پیشەسازی وهەیب و کەتیبەیەکی سەربازی بوون. سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆردوومانەکەی سەر پارێزگای لازقییەیان بۆ سەر کۆگەیەکی چەکی سوپای سووریا بووە. دەشڵێت، لەو کۆگەیەدا مووشەک هەبوون کە مەترسیبوون بۆ سەر گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی.
وەزیری راگەیاندنی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی وڵاتەکەیان دەیەوێت پلانێکی نوێ بۆ راکێشانی وەبەرهێنان بۆ وڵاتەکەیان دابنێت، ئەمەش لە رێگەی هەموارکردنەوەی یاساکانەوە.
حەمزە جەختی لەوەش کردەوە، ئەحمەد شەرع دەیەوێت جەنگ لە دژی هەژاری بکات، ئەمەش لە رێگەی پەرەدان بە پەروەردە و کەرتەکانی دیکەوە.
ساڵی 2011، هاووڵاتییانی سووریا بۆ ژمارەیەک داواکاری دەستیان بە خۆپێشاندان کرد. دواتر، خۆپێشاندانەکان تووندوتیژیان لێکەوتەوە و شەڕی نێوخۆش دروست بوو. لەو کاتەدا، رژێمی ئەسەد تۆمەتبارکرا بە کوشتن و کیمیابارانکردنی هاووڵاتییانی و بەو هۆیانەشەوە ژمارەیەک وڵات سزایان بەسەر حکومەتی وڵاتەکەدا سەپاند.
هەڵگرتنی سزاکان هاوکارییەکی زۆر باشی حکومەت و دانیشتووانی سووریا دەکات، لە وڵاتێک کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 24.5 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، 16 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکارییە.
کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی ئەسەدیان رووخاد. دواتر، حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە پێکهێنا.