"ناوی خۆت لەبیر مەکە"؛ منداڵە ونکراوەکانی سەردەمی ئەسەد خێزانەکانیان لەبیر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ رووخانی رژێمی ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمدا، وردە وردە نهێنییەکانیش لەنێو داروپەردووەکانەوە سەریان دەر‌هێنا، کە یەکێکیان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی سەدان منداڵ بوو.
 
ئەوان لە دایک و باوکیان دابڕێندران، زۆربەیان بە ناسنامەی ساختەوە بە نهێنی لە خانەکانی بێسەرپەرشتان دانران.
 
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" وردەکارییەکانی ناوەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات، چۆن خێزانەکان رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە دۆزینەوەی منداڵەکانیان و شیاندنەوەیان.
 
"دەیانبەن، رەنگە جارێکی دیکە یەکدی نەبینینەوە"
 
لەیلای 8 ساڵان لەگەڵ خوشکە چوار ساڵانەکەی، لەیان، لە ساڵی 2015 لەگەڵ دایک و باوکیاندا لە خاڵێکی پشکنین لە نزیک دیمەشق دەستگیر کران و بۆ بنکەیەکی نهێنیی هەواڵگریی ئاسمانی بران. لەوێ، لەیلا ناچارکرا درۆ بکات و بڵێت، مامی سەردانیان دەکات، درۆیەک کە دایکی خستە دۆخێکی خراپترەوە.
 
دوای چەندین رۆژ لە ژیانی ژێرزەمین و گوێگرتن لە دەنگی ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان، دایکی نهێنییەکی تاڵی بە لەیلا گوت، "دەیانبەن، رەنگە جارێکی دیکە یەکدی نەبینینەوە. لەیان ئێستا بەرپرسیارێتیی تۆیە. دەبێت دایکی بچووکی بیت. ناوی خۆت لەبیر مەکە."
 
سیستمی بێسەروشوێنکردن
 
لێکۆڵینەوەیەکی شەش مانگە، بە پشت بەستن بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی سەردەمی ئەسەد و چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 50 کەس، وێنەیەکی تەواوی سیستمی بێسەروشوێنکردنی منداڵان لەلایەن حکومەتی ئەسەدەوە ئاشکرا دەکات.
 
لە ساڵی 2013ـەوە پۆلیسی نهێنیی سووریا پیلانی ئەوەیان گێڕاوە، منداڵی زیندانییانی سیاسی لە خانەی بێسەرپەرشتان دابنێن، لەنێویاندا چەندین خانە کە لەلایەن رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی قازانج نەویستەوە بەڕێوەدەبران، کە تێیدا لە خێزانەکانیان دەشاردرانەوە و هاندەدران رابردووی خۆیان لەبیر بکەن، لە هەندێک حاڵەتدا، ناویان دەگۆڕدرا و دەدران بە خێزانی دیکە.
 
لە راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی تایمزدا هاتووە، رژێمی پێشووی سووریا منداڵانی بۆ لانیکەم نۆ ناوەندی چاودێری ناردووە، کە شەشیان سەر بە رێکخراوی (SOS Children’s Villages International) بوو، کە بارەگای سەرەکی لە نەمسایە.
 
بەڵگەنامەکان و چاوپێکەوتنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە SOS لە رێگەی هەواڵگرییەوە، منداڵی راستەوخۆ لە زیندانە نهێنییەکانیانەوە وەرگرتووە. پاشان، کاتێک پۆلیسی نهێنی داوای کردووە، رێکخراوەکە ناو و ناسنامەی منداڵەکانی بە نهێنی هێشتووەتەوە.
 
خەباتی خێزانەکان بۆ دۆزینەوەی جگەرگۆشەکانیان
 
لە کاتێکدا هەزاران خێزان بە نائومێدییەوە بەدوای منداڵەکانیان دەگەڕان، هەندێکیان، وەک خالید مەراشلی، کە خێرخوازە، هەوڵیاندا بە نهێنی بچنە ناو خانەکان و وێنەی منداڵەکان بڵاوبکەنەوە، بەڵام لەلایەن هەواڵگرییەوە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە.
 
یەکگرتنەوەی تاڵ
 
دوای نزیکەی سێ ساڵ لە زیندان، ئومامە، دایکی لەیلا، لە ئاڵوگۆڕێکی دیلەکاندا ئازاد کرا و لە SOS بە کچەکانی شاد بووەوە. بەڵام یەکگرتنەوەکە ئاسان نەبوو. لەیان، کە تەمەنی حەوت ساڵ بوو، دایکی نەدەناسییەوە و هاواری دەکرد: "نامەوێت بڕۆم! دایکە رەشام دەوێت."
 
داهاتوویەکی نادیار
 
حکومەتی نوێی سووریا لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵان پێکهێناوە و ناوی لانیکەم 314 منداڵی کۆکردووەتەوە کە لە خانەکاندا دانراون. بەڵام رەغدە زێدان، سەرۆکی لیژنەکە، گومانی هەیە کە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
 
ئێستا، زۆربەی ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان دۆزییەوە، لە دەرەوەی سووریا دەژین و خەریکی ساڕێژکردنەوەی برینەکانیانن، بەڵام هێشتا چارەنووسی هەزاران منداڵی دیکەی بێسەروشوێنی سووریا نادیارە.