دوو برای ئەحمەد شەرع لە پۆستی باڵادان و سێیەمیان "سزادراوە"

 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز باس لە سێ برای ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دەکات و دەڵێ، دووانیان پۆستی باڵایان لە حکومەتی نوێدا هەیە، بەڵام سێیەمیان بەهۆی گەندەڵییەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە بووەتەوە.
 
دوو برا گەورەکەی شەرع، حازم و ماهیر، دوو پۆستی گرنگیان لە حکومەتی نوێدا وەرگرتووە.
 
حازم شەرع سەرپەرشتیی کاروباری بازرگانی و وەبەرهێنانی بیانی و نێوخۆیی لە سووریا دەکات و یەکێک لە ئەرکەکانی بریتییە لە چاککردنەوەی ئابووریی سووریا. 
 
ماهیر شەرع، کە پزیشکی پسپۆڕی ژنانە و وەڵاتینامەی رووسیاشی هەیە، سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمارە و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوە فەرمییەکان دەکات، هەروەها بەشداریی گفتوگۆکان لەگەڵ کەسایەتییە باڵا بیانییەکان دەکات، وەک ئەو دیدارەی ئەم مانگە لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرا. 
 
برا "سزادراوەکە"
 
چەندین بەرپرسی سووریا دەڵێن، پشتبەستنی شەرع بە کەسوکار و نزیکەکانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێویستی بە پڕکردنەوەی خێرای بۆشاییەکانە لە ئیدارە نوێیەکەیدا، دوای رووخانی لەناکاوی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێش خۆی.
 
بەڵام بەپێی شەش سەرچاوەی ئاگادار کە قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە، لەنێویاندا بەرپرسانی حکومی و بازرگانان، جەمال شەرع، برا گەورەکەی ئەحمەد شەرع کە بازرگانە، بەر هەڵمەتی دژی گەندەڵی کەوتووە کە سەرۆکی ئەو وڵاتە خۆی سەرپەرشتی دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، دوای دەستبەکاربوونی شەرع، جەمال نووسینگەیەکی لە دیمەشق کردووەتەوە و لەوێوە بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی جیاجیای کردووە، لەوانە کاری هاوردە و هەناردەکردن و گەشتیاری.
 
جەمال شەرع زۆرجار لە هۆتێل و چێشتخانە گرانبەهاکاندا بینراوە و بە ئۆتۆمبێلێکی 'مێرسیدس'ی جامڕەش و بێ ژمارە هاتووچۆی کردووە.
 
سەرچاوەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەحمەد شەرع مانگی ئاب فەرمانی داخستنی نووسینگەکەی کردووە و رێنمایی داوەتە دامودەزگا حکومییەکان کە مامەڵە لەگەڵ براکەی نەکەن. بڕیارەکە پەیوەندی بەو تۆمەتانەوە هەبووە کە گوایە جەمال پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی بەکارهێناوە و دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و بازرگانی رێکخستووە.
 
وەزارەتی راگەیاندنی سووریا داخستنی نووسینگەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "رێگە بە جەمال شەرع نادرێ وەک لایەنێکی وەبەرهێنان یان بازرگانی کاربکات؛" ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرۆکایەتی لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەوە روونیکردووەتەوە کە جەمال شەرع هیچ پۆستێکی فەرمی نییە."
 
هۆشداریی ئەحمەد شەرع
 
ماوەیەکی کەم دوای داخستنی نووسینگەکەی جەمال، سەرۆکی سووریا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی کردووە کە باوکە 79 ساڵانەکەیشی ئامادەی بووە و هۆشداری پێداون کە ناوی خێزانەکەیان بۆ دەستکەوتی تایبەتی بەکارنەهێنن، ئەمەش بە گوتەی یەکێک لە خزمەکانیان کە لە کۆبوونەوەکەدا بووە.
 
ئەو هۆشدارییە دوای سکاڵای هاووڵاتییان هات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆککۆمار، لەبارەی ئەو ژیانە شاهانەییەی هەندێک لە بەرپرسە نوێیەکان دەستیان کەوتووە، کە پێشتر لە ریزی ئۆپۆزسیۆندا بوون و هیچی وایان نەبوو. 
 
لەوە بەدواوە، شەرع بە ئاشکرا لە دیمەشق باسی دژایەتیکردنی گەندەڵی دەکات کە بۆ چەندین دەیەیە لە سووریادا بڵاوبووەتەوە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە رۆژی 13ی تشرینی یەکەم لە میدیا فەرمییەکانەوە بڵاوکرایەوە، شەرع بە بەرپرسانی راگەیاند کە پێویستە وەبەرهێنانەکانیان ئاشکرا بکەن و قەدەخەیە بچنە نێو هیچ پڕۆژەیەکی تایبەتیی نوێوە.
 
هەروەها ئەحمەد شەرع داوای لێکردن خۆیان لە پەیوەندیی کەسی لەگەڵ بازرگانان بەدووربگرن و هۆشداری دا لە دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێلەی لە سەردەمی ئەسەددا باوبوو.