تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە حەلەب روویدا


رووداو دیجیتاڵ

تەقینەوەیەکی خوکوژی لە ناوچەی باب فەرەجی شاری حەلەب روویدا.
 
ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی سووریا رایگەیاند، ئەمشەو خۆکوژێک کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردووەتە ئامانج و خۆی پێیاندا تەقاندووەتەوە.
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
 
پارێزگای حەلەب، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کەسێکی نەناسراو تەقینەوەیەکی خۆکوژیی بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو کرد و کاروانێکی پۆلیسی لە ناوچەی باب فەرەج لە ناوەندی شاری حەلەب کردە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان تێبینییان کرد و هەوڵی دەستگیرکردنی کەسێکیان دا، کەسەکە خۆی پێیاندا تەقاندوە و یەکێک لە ئەندامانی مەفرەزەکە "شەهید بووە" و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێ، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ رووداوەکە و گەمارۆیەکی ئەمنییان لە دەوروبەری شوێنەکە سەپاندووە.