114 گەشتی ئاسمانی لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵوەشانەوە


رووداو دیجیتاڵ

هێڵی ئاسمانیی تورکیا و کۆمپانیای ئاژێتی ئەو وڵاتە، بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە، 114 گەشتیان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵوەشاندەوە. 

یەحیا ئوستوون، سەرۆکی راگەیاندنی هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، کەشێکی نالەبار لە ناوچەکانی رۆژهەڵات، نێوەڕاستی تورکیا و باکووری کوردستان هەیە. بەو هۆیەوە 50 گەشتیان بۆ رۆژی پێنجشەممە یەکی کانوونی دووەمی 2026 هەڵوەشاندووەتەوە. 
 
یەحیا ئوستوون ئاماژەی بەوەشدا، سەلامەتیی فڕین بۆ ئەوان کاری سەرەکییە و داوای لە گەشتیاران کرد بۆ زانینی دوایین زانیاری لەبارەی گەشتەکانیان، سەردانی ماڵپەڕ یان ئەپلیکەیشنی مۆبایلی هێڵی ئاسمانیی تورکیا بکەن.
 
لەلایەکی دیکەوە محەممەد یەشیلکایا، راوێژکاری رۆژنامەڤانیی کۆمپانیای ئاژێت- AJET ـی تورکیا رایگەیاند، بۆ رۆژی پێنجشەممە 64 گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە. 
 
یەشیلکایا سەرنجی خستە سەر دۆخی کەشوهەوای باکووری کوردستان و گوتی: "بەهۆی دۆخی نالەباری کەشوهەوا لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات (باکووری کوردستان)، 64 گەشتمان کە بۆ 1ـی کانوونی دووەم پلانیان بۆ دانرابوو، هەڵوەشێندرانەوە."
 
کۆمپانیاکە داوای لە گەشتیارانی کردووە پێش ئەوەی بچنە فڕۆکەخانەکان، لە ماڵپەڕی ajet.com چاودێریی دۆخی گەشتەکانیان بکەن. 
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا رێگەی وشکانیش داخراون و ئاستەنگی لە هاتووچۆدا دروست بووە.