عومەر چەلیک: تورکیا ناونیشانێکی دروستە بۆ نێوەندگیری لەبارەی ئێرانەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئاکپارتی لەبارەی ئێرانەوە رایگەیاند، تورکیا وەک نێوەندگیرێکی جێ متمانە و ئاشتیخواز، ناونیشانێکی دروستە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، عومەر چەلیک، جێگری سەرۆک و گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پارێزگای عوسمانییەی تورکیا، گوتارێکی لەبارەی رۆژەڤی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا پێشکێش کرد.
 
چەلیک، لەبارەی پێشهاتەکانی ئێرانەوە رایگەیاند، "هەموو جیهان بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ئێمە دەکات کە پەیوەستە بە ئێرانەوە. سەرۆککۆمارمان دیپلۆماسییەکی چڕوپڕی بەڕێوەبردووە، لەنێویاندا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا. لە دەوروبەرماندا ململانێی جۆراوجۆر هەیە."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی: "هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی و هێرشی سەربازی کە سەرکردەکانی وڵاتێک و دامەزراوەکانی بکاتە ئامانج، دەبێتە هۆی کارەساتی گەورەتر. دەکرێت لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت. ئیرادەی سەرۆککۆمارمان بۆ نێوەندگیری بەهێزە. تورکیا وەک نێوەندگیرێکی جێی متمانە و ئاشتیخواز، ناونیشانێکی دروستە."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن و گوتی، "سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاشتی، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەکراوە."
 
هەروەها باسی لەوە کرد کە تورکیا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا هاوکاریی مرۆیی دەگەیێنێتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و جەختی لەوە کردەوە کە "براکانمان لەوێ بە تەنیا جێناهێڵین."