تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی لەدژی حکومەتی سووریا ناودەنێت "قەڵخانی بەهار"

رووداو-هەولێر

تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژی حکومەتی سووریا لە ئیدلب ناودەنێت قەڵخانی بەهار و وەزیری بەرگریی تورکیاش دەڵێت دەیانەوێت کۆتایی بەو کۆمەڵکوژیی و تووندئاژۆیەی سووریا بهێنن.
 
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی بەهار" کە لەدوای هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو27ی شوبات بۆ سەر سەربازەکانی تورکیا لە ئیدلب دەستیپێکردووە، سەرکەوتووانە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، 8 هەلیکۆپتەر، 103 تانک، 72 تۆپ، 3 سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سوپای سووریا تێکشکێنراون و 2 هەزار و 212 سەربازی سووری-ش کوژراون. 
 
خولوسی ئاکار ئاماژەی بەوەدا، نیازیان نییە لە سووریا رووبەڕووی رووسیا ببنەوە، بەپێچەوانەوە دەیانەوێت "کۆتایی بهێنن بەو کۆمەڵکوژیی و تووندئاژۆییەی سووریا ئەنجامی دەدات و مەبەستیانە رێگری لە کۆچی خەڵکی ناوچەکە بگرن".  
 
ئاکار دەڵێ، چاوەڕوانیمان لە رووسیا ئەوەیە تواناکانی خۆی بەکار بهێنێ بۆ راگرتنی هێرشەکانی حکومەتی سووریا و گەڕانەوەی بۆ سنوورەکانی رێککەوتنی سۆچی.
 
وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەدا، با کەس گومانی لەوە نەبێت کە لە چوارچێوەی مافی بەرگری رەوا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە کە دەکرێنە سەر خاڵەکانی چاودێری و سەرنگەرەکانیان لە سووریا.