تورکیا هیواخوازە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق زوو پێکبهێندرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و هیوای خواست پرۆسەکە بە زووترین کات کۆتایی بێت.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا کە ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئایاری 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆککۆمار لە وادەی دەستووریدا، پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی دەکەین کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق راسپێردراوە. هیوادارین ئەم پێشهاتە بۆ گەلی عێراق ببێتە مایەی خێر."
تورکیا هیوای خواستووە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق "هەرچی زووترە تەواو ببێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە کە "ئامانجمانە لە قۆناخی داهاتوودا، بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە مێژوویی، مرۆیی، کولتووری و ئابوورییە قووڵەکانمان لەگەڵ عێراق، ئەو هاریکارییە ستراتیژی و دامەزراوەییەی بونیاتمانناون، زیاتر پێشبخەین بەشێوەیەک کە رەهەندە هەرێمییەکانیش بگرێتەوە."
لە 26ـی نیسانەوە عەلی فالح زەیدی وەک بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە بەپێی دەستوور پێویستە لە 30 رۆژدا کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.